ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی ستراتیژی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان ئه‌نجام ده‌درێن

"مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 35 ملیار دینار بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ دەربڕی"
كاركردن له‌ پڕۆژه‌كانی رێگاوبان له‌ سلێمانی، وێنه‌ - ئه‌رشیف
كاركردن له‌ پڕۆژه‌كانی رێگاوبان له‌ سلێمانی، وێنه‌ - ئه‌رشیف

K24- هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 35 ملیار دینار بۆ ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری رێگاوبان لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەربڕی.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن، لەسەر داواکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە، مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 35 ملیار دینار بۆ ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری رێگاوبان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەربڕی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، بەفەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 2020/12/8 نوسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و تێیدا رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 35 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ژمارەیەك پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەربڕیوە.

ئاشكراشیكردووه‌، "تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ 7 پڕۆژەی ستراتیژییە کە پێکهاتون لە؛ دروستکردنی رێگای دوسایدی دوکان - چورقوڕنە، پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکان بەبڕی 5 ملیار دینار. تەرخانکردنی بڕی 4 ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دوەمی رێگای وارماوا – زاڕەیەن - دەربەندیخان و نۆژەنکردنەوەی سایدە کۆنەکە. تەرخانکردنی بڕی 2 ملیار دینار بۆ دروستکردنی پردی شانەدەری رێگای سەیدسادق. تەرخانکردنی بڕی 3 ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێگای خێران باشماخ - پێنجوێن لەگەڵ دوو یەکتربڕ (قۆناغی دووەم)".

هاوکات تەرخانکردنی بڕی 4 ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێگای سایدی دووەمی دوکان – چوارقوڕنە، پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکە بە درێژایی 19کم (قۆناغی دووەم)، تەرخانکردنی بڕی 7 ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێڕەوی دووەمی رێگای هەڵەبجە - سەیدسادق بە درێژایی 28.8کم، لەگەڵ تەرخانکردنی بڕی 10 ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دووەمی رێگای کەلار - کفری.

وه‌ك ئاماژه‌شی پێداوه‌، ئێستا كاركردن له‌ بەشێك لەو پڕۆژانە بەردەوامە و لە ماوەکانی رابردووشدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکانی بەسەرکردبووەوە و بڕیاری بەگەڕخستنەوەی بۆ دەرکردبوون، لەوانەش رێگای دوکان - چوارقوڕنە لە 2020/10/11 و رێگای باشماخ پێنجوێن لە 2020/9/20 بەگەڕخرانەوە.

H.B