سیسی باس لە ئەگەری روودانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ توركیا دەكات

"میسر ھەرگیز نابێتە لایەنی دەستپێخەر لە شەڕكردندا و پێویستە لەسەر توركیا وەك ھەر دەوڵەتێكی ناوچەكە، ئاگاداری رێزگرتن بێت لە بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای دەریاكان و ھیچ كارێكی تاكلایەنانە ئەنجام نەدات"
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی میسر، عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاند، "میسر كار دەكات لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی گشتی، كە تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی تەنگژە لە لیبیا".

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەگەری روودانی رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لەنێوان میسر و توركیادا لە لیبیا، سیسی لە قسەكانیدا لەگەڵ رۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فەرەنسی گوتی: "میسر ھەرگیز نابێتە لایەنی دەستپێخەر لە شەڕكردندا، بەڵام لە بەرامبەردا، ھێزە چەكدارەكانمان بەردەوام ئامادەنە بۆ بەرگریكردن لە وڵاتی خۆیان و دابینكردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ھەر شێوەیەك لە شێوەكانی ھەڕەشەكردن".

سیسی لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "میسر كار دەكات لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیر بۆ دۆخی‌ لیبیا و دابینكردنی سەقامگیری لەو وڵاتەدا، كە لەگەڵ میسر سنوورێكی بە درێژایی 1200 كیلۆمەتر ھەیە، بۆیە دەبێت كۆتایی بە دەستوەردانی دەرەكی لە لیبیا بھێنرێت، كە گواستنەوەی بەكرێگیراوان و پێدانی چەك بە میلیشیا توندڕەوەكان ھەڕەشە لە سەقامگیر ئەو وڵاتە دەكات".

سەرۆكی میسر ئاماژەیكرد بەوەی "سیاسەتی میسر دروستكردنی پەیوەندییەكی نایابە لەگەڵ ھاوسێكانیدا، دانوستانیش بە باشترین شێواز دەزانین و پێویستە لەسەر توركیا وەك ھەر دەوڵەتێكی ناوچەكە، ئاگاداری رێزگرتن بێت لە بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای دەریاكان و ھیچ كارێكی تاكلایەنە ئەنجام نەدات بەبێ ئەوەی راوێژ بكات یان لەسه‌ر حیسابی ئەمن و ئاشتەوای ناوچەكە ئەنجامی بدات".

سەرچاوە: میدیاكانی میسر