هه‌ولێر هیچ پاساوێكی بۆ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌

ئەو ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێم کاریگەری باشی دەبێت بۆ ڕێكکەوتنی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

دوای وەڵامدانەوە فەرمییەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق، کە ئامادەی ھەموو ڕێککەوتنێکە بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە ھەیە، نوێنەرانی کورد و چاودێران دەڵێن: حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ بەھانەیەکی نەھێشتووە بۆ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نەنێرێت.

پاش ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق نامەیەکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، کە ناوەرۆکەکەی پەیوەندیی بە یاسای قەرزەوە ھەیە، وەزیری دارایی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، بە فەرمی وەڵامی حکومەتی عێراقیان داوەتەوە ھەموو ئامادەییەکیان بۆ ڕێککەوتن نیشانداوە.

دانا جەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی گوتی: ئەم ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێم زۆر گرنگە و ھیچ بەھانەیەکی بۆ حکومەتی عێراق نەھێشتۆتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانە نەکات، ئێستا لە رووی سیاسییەوە بابەتەکە لەسەر شانی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراقە.

ئازاد دۆسکی، چاودێری سیاسی گوتی: ئەو ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێم تەواو دەستووری بوو، بە پێویست دەزانرێت حکومەتی عێراق سنگی فراوان بێت و بابەتی مووچە تێکەڵی بابەتی سیاسی نەکات، چونکە بە پێی دەستوور ھەر ھاووڵاتیەکی ھەرێمی کوردستان وەکو ھەر ھاوڵاتیەکی دیکەی پارێزگاکانی عێراق مافی دابینکردنی مووچەی ھەیە.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەو ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێم کاریگەری باشی دەبێت بۆ ڕێكکەوتنی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق، بە تایبەتی بۆ ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوی عێراق، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی تایبەتمەند ھەیە، چونکە یاسای قەرز بڕە پارەیەکی دیاریکراوەو بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە، بەڵام ڕەشنووسی بودجە بابەتێکی ھەستیارترەو بۆ ماوەی ساڵێکە.