لیژنەی دەسپاکی: کابینەی نۆیەم ھیچ دۆسیەیەکی گەندەڵی نییە

جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

لە رۆژی جیھانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا ئامارەکان راگەیاندران، ئەو دۆسیانه‌ی لێکۆڵینەوەی تێدا كراوه لە ساڵی 2020 دا 70 دۆسیه‌ بووه‌، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی دەڵێت: تا ئێستا کابینەی نۆیەم خاوەنی ھیچ دۆسییەکی گەندەلی نییە، شاره‌زايانيش له‌و بڕوايه‌دان، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کاریگەری ھەبووە لەسەر کەمبوونەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی.

جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای چاکسازی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو ھۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی دووسیەی گەندەڵی لە ساڵی 2020.

شارەزایان پێیان وایە، ترسناکتر لە گەندەڵی کولتوورەکەیەتی، کە رەوایەتی دەدات بە دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی گشتی و وەك دیاردەیەکی ئاسایی سەیر دەکرێت.

سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: تائێستا کابینەی نۆیەم خاوەنی ھیچ دۆسیەکی گەندەڵی نیە، ئەو دۆسیانەشی کە ھاتوونەتە پەرلەمان و لیکۆڵینەوەی تێدادەکەین ھەمووی ھی کابینەکانی پێشووە.

داواکاری گشتی ھەرێم، کە لایەنی تایبەتمەندە بە دادگایکردن و یەکلایکردنەوەی کەیسەکان پێیانوایە، بەشێك لە کەیسەکان کەموکوڕی بەڵگەیان ھەیە و بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵیش جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تاکە رێگایە.

حاکم بەشدار مه‌جید، گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی گوتی: گەندەڵی شێرپەنجەیە بۆ سیستەمی حوکمڕانی، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بنبڕکردنی ھەنگاوی باشی ناوە.

9/12 رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، داتاکان بۆ ساڵی 2020 بۆ ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان خرایەڕوو.

ئەمساڵ 68 داوای ھەواڵدەری ھەبووە، ھی ساڵانی پێشووش 193 داوای ھەواڵدەری ھەبووە، ئێستا 261 داوای ھەواڵدەری لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت.

داوای سزایی ئەوانەی ئەمساڵ تۆمارکراون، 163 داوای سزاییە، ھی ساڵانی رابردوو 218 داوای سزایی بوون، کە دەکاتە 381 داوای سزایی. کۆی ئەو داوایانەی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت 682 کەیسی گەندەڵییە.

سەبارەت بە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە چاودێری کراوە، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 11 وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران 40%ـی تەواوکراوە. پرسی یەکخستنەوەی دۆسیه‌ی خانەنشینی پێشمەرگە و ژمێریاری یەکەکانی 70 و 80 تائێستا ھەنگاوێکی ئەوتۆی لێ نەچووەتە پێش. سەبارەت بە وردبینیکردن لە دۆسیەی دادوەران و شارەزایان دۆسیەیەی شارەزیان کە 434 دۆسیە بووە، تەواوکراوە و بڕی 350 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە. دۆسیەی دادوەرانیش 40%ـی تەواو بووە.