دانوستان لەنێوان حكومەتی ھەرێم و عێراق دەستیپێكرد

شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆدەبنەوە
كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق - 9/12/2020
كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی عێراق - 9/12/2020

K24 – ھەولێر

دوای ئەوەی دوێنێ شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكومەت گەیشتە بەغدا، دانوستانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق دەستپێكرد.

لە دەستپێكدا شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە ‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە‌گە‌ڵ وە‌زیرانی دارایی و نە‌وتی  عێراقی كۆبووە‌وە.

 قوباد تاڵە‌بانی دووپاتی ھە‌ڵوێستی حكومە‌تی ھە‌رێمی كردە‌وە‌، بۆ پابە‌ند بوون بە‌ ئەرکەکانی ھە‌رێم بە‌پێی یاسای پڕكردنە‌وە‌ی كورتھێنانی دارایی عێراق لە‌بە‌رامبە‌ر دابینكردنی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم.

بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، زنجیرەیەك كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق ئەنجامبدەن.

شاندی حكومەتی ھەرێم ئێوارەی دوێنێ 9/12/2020 بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی گە‌یشتە‌ بە‌غدا، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراق.

ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا دوێنێ رایگەیاند، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانوێكی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەھێشتووەتەوە، بۆیە پێویستە حكومەتی عێراق پابەندبێت و ئەركی خۆی جێبەجێ بكات.

رۆژی 8/12/2020، حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزیری دارایی وەڵامی نامەیەكی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە، كە ناوەڕۆكەكەی تایبەت بوو بە یاسای قەرزی عێراق، لەو نامەیەدا حكومەتی ھەرێم رایگەیاندبوو، سەرەڕای تێبینی زۆریان پابەندن بە ماددە و بڕگەكانی یاساكە، ئەمەش وەك دەستپێشخەریەك بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و رێككەوتن، ھەر ئەو رۆژە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدام جەختیان كردەوە، كە حكومەتی ھەرێم پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە، بە مەرجێك بەپێی دەستوور و یاسا حكومەتی عێراق پابەندبێت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان.