نەوت لە 51 دۆلار نزیك دەبێتەوە

یەكێك لە ھۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئاگركەوتنەوە بوو لە دوو بیری نەوتی كەركووك
بیری نەوت
بیری نەوت

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو و نرخی خامی "برێنت" زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبوویەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی ئەمڕۆی وبەرمیلی بە 50.96 دۆلار فرۆشرا.

ئەمڕۆ نیگەرانی كەوتە بازاڕەكانی نەوت لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوە لە دوو بیری كێڵگەی نەوتی بچووك لە كەركووك، حكومەتی عێراق ئەو ئاگركەوتنەوەی بەھێرشێكی تیرۆریستیی وەسفكرد، بەڵام جەختیكردەوە لەوەی كاریگەری لەسەر بەرھەمھێنان نابێت. ئەم رووداوەش بووه‌ ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا.

ھەرەوەھا خستنەڕووی ڤاكسینی دژە كۆڤید-19 لە بەریتانیا و نزیكبوونەوەی ماوەی رەزامەندیدان بە ڤاكسینێكی دیكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، ھۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، كە پەرە بە خواست لەسەر سووتەمەنی دەدات، ھەرچەندە زیادەیەكی زۆر لە ئەمباركردنی خامی ئەمەریكایی لە ھەفتەی رابردوویەوە ھەیە.

لەوانەیە كوتان لە دژی كۆرۆنا لەم نزیكانە دەستپێبكات، لەوانەشە لە چەند رۆژی داھاتوودا لە ئەمەریكاش دەستپێبكات، لیژنەیەكی راوێژكاری ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەوەی ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكایی رێگادەدات بە بەكارھێنانی فریاگوزاری بۆ ئەو ڤاكسینەی "فایزەر" و "بیۆنتك" بەرھەمیانھێناوە.

شیكەرەوان گوتیان: "ڤاكسینی دژە كۆڤید-19 خاڵێكی وەرچەخانی گەورەیە، یەكێك لە خه‌سڵەتەكانی كۆتاییھێنانە بە كەمی خواست لە سەر بازاڕی نەوت، كە لە ماوەی رابردوو بەدەست ئەو كۆتوبەندانەی حكومەتەكان بەسەر جوڵەیاندا سەپاندبوو دەیناڵاند".