جەیمس جێفری: ئەردۆغان تەنیا لە زمانی ھێز تێدەگات
K24 – ھەولێر:
جەیمس جێفری نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا رایگەیاند: ئەردۆغان تەنیا لە زمانی ھێز تێدەگات و تاوەکو ھێزی نیشان نەدرێت پاشەکشە ناکات.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئەلمۆنیتەر" لە وەڵامی پرسیارێکدا، ئایا دەبێت بایدن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەردۆغان بکات؟ جێفری گوتی: پێش ھەموو شتێک دەبێت ئەردۆغان و تورکیا لەیەک جیاکەینەوە. ئەردۆغان تەنیا لە زمانی ھێز تێدەگات. تاوەکو ھێزی خۆتی پیشان نەدەیت پاشەکشە ناکات.
جێفری ئاماژە بەوە دەکات، رووسیاش ھەمان سیاسەت بەرامبەر بە ئەردۆغان بەکاردەھێنێت و روودوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە رووسیەکە و رێککەوتنی کڕینی سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس 400 بە نموونە دەھێنێتەوە.
جێفری، كە تا 13ی مانگی رابردوو، لە یەک کاتدا نوێنەری ئەمەریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بوو لە سووریا، ئاشکرایكرد، بەردەوام لە کۆبوونەوەکاندا بە توندی قسەیان لەگەڵ ئەردۆغان کردووە، ئینجا ئەردۆغان ئەوەی پەسەند کردووە، کە ئەمریکا ویستوویەتی و ئاگربەستەکەی ئۆکتۆبەری ساڵی پار لە رۆژئاوای کوردستان وەك نموونە دەھێنێتەوە.
سەبارەت بە سیاسەتی ئەردۆغان لە رۆژئاوای کوردستان، جێفرێ گوتی: ئەردۆغان نایەوێت قەندیلێکی دیکە لە سووریا درووست ببێت.