شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

شاندەکە لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن
كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ دانوستان لە بارەی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان
كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ دانوستان لە بارەی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان

K24 ھەولێر:

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ سێیه‌م رۆژه‌ له‌ شاری به‌غدا سه‌رقاڵی دیدار و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی كۆده‌نگی و له‌یه‌كتێگه‌یشتنی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری پرسه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

پەیامنێری کوردستان24 له‌ شاری به‌غدا، رایگەیاند، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانیان، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی هەریەکە لە نوری مالیکی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و هەروەها عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بكەن و لەگەڵیان کۆببێتەوە.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ، شاندەکە لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شاییستە داراییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان سێ رۆژه‌ لە بەغدایە.

دوێنێ ئێوارەش، شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە‌گە‌ڵ ئەو لیژنە‌یەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوویەوە، كە راسپێردراوە بۆ گفتۆگۆكردن و دۆزینە‌وە‌ی چارە‌سە‌ری گونجاو و دە‌ستووری بۆ كێشە‌كانی نێوان ھە‌‌رێم و حكومەتی فیدراڵی‌.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كەدا‌ ڕاشكاوانە‌ باس لە‌ ھۆكارەکانی دروستبوونی كێشە‌كان و چۆنیە‌تی چارە‌سە‌ركردنیان كرا لە‌پێناو بە‌رژە‌وە‌ندی ھاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لای خۆیەوە قوباد تاڵە‌بانی بە‌ لیژنە‌ی راسپێردراوی راگە‌یاند؛ حكومە‌تی ھە‌رێم ھە‌موو ئامادە‌ییەكی دە‌ربڕیوە‌  بۆ ئە‌وە‌ی بە‌پێی دە‌ستوور و یاسا بە‌ركارە‌‌كان مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم بكرێت و ئامادە‌ییشی دە‌ربڕیوە‌ بۆ گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن.

لیژنە‌ی راسپێردراوی پەرلەمان پێشتر كۆبوونە‌وە‌یان لە‌گە‌ڵ لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانی عێراق كردووە‌ و لە ‌سە‌روبە‌ندی ئامادە‌كاری راسپاردە‌كانی خۆیاندان بۆ ئە‌وە‌ی بە‌زووترین كات میكانیزمی گونجاو بدۆزنە‌وە‌ بۆ پرسە‌ ھە‌ڵپەسێردراوكان بە‌تایبە‌ت كێشەكانی نە‌وت و دارایی.

لە ‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە لیژنەكە داوای خستنە‌ڕووی پێشنیاز و راسپاردە‌كانیان لە شاندی حكومە‌تی ھە‌رێم كرد، بۆ ئە‌وە‌ی ئە‌وانیش لە‌گە‌ڵ پلانە‌كانی خۆیان یە‌كیان بخە‌ن و دە‌رچە‌یە‌كی گونجاو دابڕێژرێت، ئاسانكاری بكات بۆ دیاریكردنی ئە‌رك و مافە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ بودجە‌ی2021.

بڕیاریشە لیژنەکەی پەرلەمان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات بۆ گەڵاڵەگردنی رێگا چارەیەكی دەرچوون لە كێشەكان كە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.