بلۆمبێرگ: ترەمپ واژووی لەسەر ژمارەك سزای دژ بە توركیای كرد

ئەو سزایانە دەزگای پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا و سەرۆكەكەی دەكاتە ئامانج
سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 ھەولێر:

ئاژانسی "بلۆمبێرگ" ئەمڕۆ ھەینی، رایگەیاند، سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ واژووی لەسەر ژمارەیەك سزا كرد دژ بە توركیا بەھۆی كڕینی سیستەمی مووشەكی "ئێس 400"ی رووسیایی.

ئاژانسەكە لە سەرچاوەیەكی ئاگاداری گواستووەتەوە، ترەمپ واژووی لە سەر ژمارەیەك سزای دژ بە توركیای كردووە، كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ پێشنیازی كردبوون و ئاژانسەكە سرووشتی سزاكانیشی ئاشكرا نەكردووە.

ئاژانسەكە رایگەیاندووە، سزاكانی دژ بە توركیا بەپێی یاسای "CAATSA" (قەڵاچۆكردنی دوژمنانی ئەمەریكا بەڕێگای سزاكانەوە) دەسەپێنرێن.

پێرێ ئاژانسی "رۆیتەرز"یش رایگەیاندبوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خەریكی راگەیاندنی سەپاندنی سزاكانە لەسەر توركیا بەھۆی كڕینی سیستەمی دژە مووشەكی "ئێس 400" لە رووسیا و "سەپاندنی ئەو سزایانە لە كات و سات دایە".

ئاژانسەكە لە ھەندێك سەرچاوەی ئاگاداری گواستبوویەوە، ئەو سزایانە دەزگای پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا و سەرۆكەكەی، ئیسماعیل دەمیر دەكاتە ئامانج.

دوای كڕینی مووشەكی "ئێس 400"ی رووسیایی بۆ بەرگری ئاسمانی لە لایەن توركیاوە، واشنتن ھەڕەشەی سەپاندنی سزاكانی لە ئەنقەرە كرد و بڕیاریدا فڕۆكەكانی "ئێف 35" رادەستی ئەو وڵاتە نەكات.