731 قوتابیی کەرکووک و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە زانکۆکانى هەرێم وەرگیران

چەند ساڵێکە حكومەتی ھەرێم کارئاسانى تەواو دەكات بۆ وەرگرتنى قوتابیانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان
وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 ھەولێر:

بەئامانجى کارئاسانیکردن بۆ قوتابیانی کەرکووک و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، حكومەتی ھەرێم، بڕیاری دا وەک ساڵانى پێشوو سەرجەم قوتابیانی کەرکووک و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، کە ژمارەیان (731) خوێندکارە لە زانکۆکانى هەرێمى كوردستان وەربگیرێن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە، ماوەى چەند ساڵێکە وەزارەتەکەیان کارئاسانى تەواوى کردووە بۆ وەرگرتنى قوتابیانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەت ئەو قوتابیانەی لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێم.

بۆ ئەم ساڵى خوێندنى (2020-2021) وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری داوە بە وەرگرتنى سەرجەم قوتابیانی شارى کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى (2020-2021).

بەپێى هەردوو فەرمانی وەزاری ژمارە (14171) و (14172)، كە لە ڕێكەوتی (9/12/2020) بە ئیمزای خالید شوانی وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی بەوەكالەت دەرچووە و ئاراستەی زانكۆكان كراوە سەرجەم خوازیاران کە ژمارەیان (731) خوێندکارە وەرگیراون.

بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزبایى لە دەرچوان و هیواى سەرکەوتن لە قۆناغى خوێندنى زانکۆیى، ئاگادارى پێشکەشکاران دەکات سەردانى نوسینگەى وەزارەت لە کەرکووک بکەن بۆ رێوشوێنەکانى چۆنیەتى دەستپێکردنى مامەڵەى وەرگرتن.