هه‌رێم چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه‌ی به ده‌ستی پڕ ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه هه‌فتانه‌ییه‌كه‌ی خۆی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، شاندی باڵای دانووستانی ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد. سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، "مه‌سرور بارزانی"، هیوای خواست شانده‌كه به ده‌ستی پڕ و به ده‌ستكه‌وته‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ولێری پایته‌خت. ئه‌مڕۆ سێیه‌م رۆژه، شانده باڵاكه‌ی هه‌رێم له به‌غدا سه‌رقاڵی دانووستانه. به وته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، "هه‌ولێر هیچ بیانوو و پاساوێكی بۆ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه، تا نه‌یه‌ته پێشه‌وه و رێككه‌وتن نه‌كرێت".
دانووستانی هاوته‌ریب له دوو ئاستدا
شانده باڵاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی "قوباد تاڵه‌بانی"، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران رووی له به‌غدا كرد بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه له دوو ئاستدا، دانووستان له‌گه‌ڵ عێراق بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ئاستێكی دانووستانه‌كان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیدار و ره‌سمییه‌كانی حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه.
له ئاستی دووه‌میشدا، شانده‌كه سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌ركرده و كه‌سایه‌تییه سیاسییانه‌ی عێراق، ده‌بینێت، كه رۆڵیان له داڕشتنی بڕیاری سیاسی و ئیداری و دارایی له عێراق هه‌یه.
له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ به‌غدا، شانده‌كه له رۆژی یه‌كه‌می سه‌ردانه‌كه‌یدا، لە‌گە‌ڵ وە‌زیرانی دارایی و نە‌وتی عێراقی كۆبووە‌وە.
هه‌رێم پابه‌نده
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه، له‌و میانه‌یه‌دا، قوباد تاڵە‌بانی دووپاتی ھە‌ڵوێستی حكومە‌تی ھە‌رێمی كردە‌وە، بۆ پابە‌ند بوون بە ئەرکەکانی ھە‌رێم بە‌پێی یاسای پڕكردنە‌وە‌ی كورتھێنانی دارایی عێراق لە‌بە‌رامبە‌ر دابینكردنی شایستە داراییە‌كانی ھە‌رێم.
یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه، یه‌كێك له دیارترین ئه‌و یاسایانه‌یه، كه بێ ده‌نگی كورد تێپه‌ڕێندراو له هه‌رێمی كوردستان له ئاستی باڵای سیاسی و ئیداری و دامه‌زراوه‌ییدا ره‌خنه‌ی لێ‌گیرا، به‌ڵام له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، رۆژی (8ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان لە رێگەی وەزیری دارایی وەڵامی نامەیەكی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە، كە ناوەڕۆكەكەی تایبەت بوو بە یاسای قەرزی عێراق، لەو نامەیەدا حكومە‌تی ھە‌رێم رایگەیاندبوو، سەرەڕای تێبینی زۆریان پابەندن بە ماددە و بڕگەكانی یاساكە، ئەمەش وەك دەستپێشخەریەك بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و رێككەوتن، ھەر ئەو رۆژە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا شاندی حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بۆ بەغدام جەختیان كردە‌وە، كە حكومە‌تی ھە‌رێم پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە، بە مەرجێك بە‌پێی دەستوور و یاسا حكومە‌تی عێراق پابەندبێت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییە‌كانی خەڵكی ھە‌رێمی كوردستان.
لیژنه‌یه‌كی نوێنه‌ران گه‌ڵاڵه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی چاره‌سه‌ر ده‌كات
له رۆژی دووه‌می سه‌ردانه‌كه‌یدا، پێنجشه‌ممه (10ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، شانده‌كه لە‌گە‌ڵ ئەو لیژنە‌یەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنەران كۆبووە‌وە كە راسپێردراوە بۆ گفتۆگۆكردن و دۆزینە‌وە‌ی چارە‌سە‌ری گونجاو و دە‌ستووری بۆ كێشە‌كانی نێوان ھە‌رێم و حكومە‌تی فیدراڵی.
لە كۆبوونە‌وە‌كەدا راشكاوانە باس لە ھۆكارەکانی دروستبوونی كێشە‌كان و چۆنیە‌تی چارە‌سە‌ركردنیان كرا لە‌پێناو بە‌رژە‌وە‌ندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لای خۆیەوە قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وە‌زیران، بە لیژنە‌ی راسپێردراوی راگە‌یاند؛ حكومە‌تی ھە‌رێم ھە‌موو ئامادە‌ییەكی دە‌ربڕیوە بۆ ئە‌وە‌ی بە‌پێی دە‌ستور و یاسا بە‌ركارە‌كان مامە‌ڵە لە‌گە‌ڵ ماف و شایستە داراییە‌كانی ھە‌رێم بكرێت و ئامادە‌ییشی دە‌ربڕیوە بۆ گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن.
لیژنە‌ی راسپێردراوی پەرلەمان پێشتر كۆبوونە‌وە‌یان لە‌گە‌ڵ لایە‌نە پە‌یوە‌ندیدارە‌كانی عێراق كردووە و لە سە‌روبە‌ندی ئامادە‌كاری راسپاردە‌كانی خۆیاندان بۆ ئە‌وە‌ی بە‌زووترین كات میكانیزمی گونجاو بدۆزنە‌وە بۆ پرسە ھە‌ڵپەسێردراوكان بە‌تایبە‌ت كێشە‌كانی نە‌وت و دارایی.
لە كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە لیژنەكە داوای خستنە‌ڕووی پێشنیاز و راسپاردە‌كانیان كرد لە وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم، بۆ ئە‌وە‌ی ئە‌وانیش لە‌گە‌ڵ پلانە‌كانی خۆیان یە‌كیان بخە‌ن و دە‌رچە‌یە‌كی گونجاو دابڕێژرێت كە ئاسانكاریش بكات بۆ دیاریكردنی ئە‌رك و مافە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە بودجە‌ی 2021.
بڕیاریشە لیژنەکەی پەرلەمان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵ بكات بۆ گەڵاڵەگردنی رێگا چارەیەكی دەرچوون لە كێشە‌كان كە لە بە‌رژە‌وە‌ندی هەردوولا بێت.
بودجه‌ی (2021)
ته‌نیا كێشه‌ی شایسته‌داراییه‌كانی ئه‌مساڵی هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌ری گفتوگۆی نێوان شانده‌كه و به‌غدا نییه، به‌ڵكو دابینكردن و دیاركردنی شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی ئیتیحادی (2021) یه‌كێكه له ته‌وه‌ره گرنگه‌كان.
به‌رنامه‌ی ئه‌مڕۆی شانده‌كه
ئه‌مڕۆ سێیه‌م رۆژی سه‌ردانی شانده‌كه‌یه، له‌و میانه‌یه‌دا، جگه له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ "قاسم ئه‌عره‌جی" راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بڕیاره ئه‌و شانده، سەردانی هەر یەکە لە "نوری مالیکی"، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، "هادی عامری"، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و "عەمار حەکیم"، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆببێتەوە.
هه‌روه‌ها بڕیاره هەر ئەمڕۆ، شاندەکە لە‌گە‌ڵ وە‌زیرانی نە‌وت و دارایی و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.
سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی گفتوگۆكان، به‌شێك له گرووپ و لایه‌نه عێراقییه‌كان رۆژانه لێدوان له دژی ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پاساوێك نه‌داته ده‌ست به‌غدا تا له رێككه‌وتن خۆی بدزێته‌وه، هه‌موو پابه‌ندییه‌كی به جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی دووپاتكردووه‌ته‌وه.
حكومه‌تی هه‌رێم: بیانوومان بۆ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، له وتارێكدا، رایگه‌یاند، "ئێمه ئاماده‌بووین هه‌موو ئه‌رك و پابه‌ندییه‌كانی سه‌ر هه‌رێم جێبه‌جێ بكه‌ین، بۆ دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان. به‌ڵام هه‌ر جارێك به بیانوویه‌ك دابینكردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه دواخراوه. ئێمه له هه‌وڵی خۆمان به‌رده‌وامین. له مانگی رابردوو بێ ئاماده‌یی كورد، یاسای وه‌رگرتنی قه‌رز تێپه‌ڕێندرا، ئه‌مه دژی ئه‌و بنه‌مایه بوو وه‌ك هاووڵاتی و هاوبه‌ش له‌م وڵاته به‌یه‌كه‌وه بژین و له‌سه‌ری رێككه‌وتووین، كه بنه‌مای هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و رێككه‌وتنه. به‌داخه‌وه هیچ كام له‌و بنه‌مایانه له‌به‌رچاو نه‌گیرا، بۆ تێپه‌ڕاندنی بڕیاری په‌رله‌مان بێ بوونی كورد پێشێلی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه له چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆبووینه‌وه و نامه‌مان نووسیوه، ئێمه ئاماده‌ین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یاسای قه‌رز بكه‌ین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌مان له ناوه‌ڕۆك و جۆری یاساكه هه‌بووه، ئێمه پابه‌ند بووین، ئه‌م یاسایه "اثر رجعی" ی نییه، مانگه‌كانی چوار و پێنج و شه‌ش، ده‌بوایه بنێرێت، ده‌بوایه مانگی (10) بنێرێت، چونكه ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی كردمان، ده‌بوایه تا كۆتایی ساڵ ئه‌م بڕه پاره‌یه به‌رده‌وام بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه هێشتا ئه‌و گرفته‌مان ماوه و هیوادارین هه‌موو لایه‌ك بتوانین بگه‌ینه رێككه‌وتنێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته و هه‌موو مانگێك تووشی ئه‌م گرفته نه‌بین".
به‌غدا چه‌ند پاره‌ی ناردووه
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌مساڵ، ئێمه له مانگی 12ین، به‌ڵام حكومه‌تی فیدراڵی ته‌نیا مووچه‌ی شه‌ش مانگی دابین كردووه. مانگی (1،2،3) (453) ملیار دیناریان نارد، حكومه‌ت گۆڕدرا، مووچه وه‌ستێنرا. مانگی چوار، به لێبڕینه‌وه و له مانگی پێنج به بڕینی (50) ملیار دینار و ته‌نیا (400) ملیار دیناریان نارد و مانگه‌كانی پێنج و شه‌ش و حه‌وت، به هیچ شێوه‌یه‌ك پاره‌یان نه‌ناردووه. دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مسته‌فا كازمی، رێككه‌وتین، بڕیار وابوو، بۆ مانگه‌كانی داهاتوو، به گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوانماندا هه‌یه، (320) ملیار دینار مانگانه بنێرن، كه به‌شێكه له مووچه‌ی هه‌رێم و هه‌مووی نییه، باقییه‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان دابین كراوه".
كورد ته‌نیا كێشه‌ی دارایی نییه
هه‌رچه‌نده كێشه داراییه‌كان ته‌نیا كێشه نین، كه به چاره‌سه‌رنه‌كراوی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام له ئێستادا به هۆی ئه‌و ره‌وشه داراییه‌ی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، هه‌ولێر ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵه‌كانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی له كۆنفرانسێكی میدیاییدا، كه دوای كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی ئه‌نجامیدا، گوتی: "كێشه‌ی ئێمه ته‌نیا مووچه نییه. ئێمه خاوه‌ن پرسێكین، مافی ئێمه چه‌ندین ساڵه پێشێل ده‌كرێت. ئێمه ده‌ستوورێكمان هه‌یه، هه‌موو كاتێك داوای جێبه‌جێكردنی ده‌ستوورمان كردووه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانمان".
له دیارترین ئه‌و پرسانه‌ی به چاره‌سه‌ر نه‌كراوی ماونه‌ته‌وه، پرسی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمه، كه به ناوچه‌كانی مادده‌ی (140) ده‌ناسرێن، كێشه‌ی ته‌عریبكردنه‌وه‌ی به‌شێكی خاكی كوردستان، بودجه و مووچه‌ی پێشمه‌رگه، قه‌یرانی نه‌وت و غاز و نه‌بوونی یاسایه‌كی ئیتیحادی بۆ ئه‌و پرسه و پرسی هاوبه‌شی و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی ته‌وافقه له وڵات‌دا.