لابۆری شانۆی لالش له‌ ڤیه‌ننا پێرفۆرمانسی ڤیدیۆیی شه‌فافیه‌تی بڵاوكرده‌وه‌

پێرفۆرمانس و نمایشەکە خواستی مرۆڤ بۆ شەفافیەت بەرجەستە دەکات و ئه‌و په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئازارەکانی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا کە شاراوەن بەڵام دەبینرێن و دەبیسیترێن و هەستپێکراون.
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

 پێرفۆرمانسی ڤیدیۆیی شه‌فافیه‌ت، به‌رهه‌مێكی نوێی لابۆری شانۆی لالشه‌ له‌ ڤیه‌ننا و بیرۆکە، کامێرا، مۆنتاج، نواندن و دەنگی شانۆكاری كورد، نیگار حه‌سیب قه‌ره‌داخییه‌.

پێرفۆرمانس و نمایشەکە خواستی مرۆڤ بۆ شەفافیەت بەرجەستە دەکات و ئه‌و په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئازارەکانی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا کە شاراوەن بەڵام دەبینرێن و دەبیسیترێن و هەستپێکراون.

بەکارهێنانی گوڵی رەنگاو و ڕەنگی جیاواز بەمەبەستە و لە کۆتاییدا ئەو جۆرە گوڵە کە یەکەم سوورە، بە مەبەستی خوێن واتە ژیان بەڵام بە مانای توندوتیژی و ڕقیش دێت، دووەم وەکو فۆرم کە لە دڵ دەچێت، سێهەم وەکو نیشانەیەک بۆ توخمی نێر و مێ، کە دیسانەوە ژیان دەگرێتەوە. لێرەدا تەکنیکی فۆتۆگرافی و فیلم یەکدەگرنەوە و دەبنە تەواوکەری یەکتر.

پێرفۆرمانسەکە وەکو کارێکی ڤیدیۆیی گیراوە و پاشان وێنەی گیراوەتەو کار لەسەر رەنگەکان کراوەتەوە... فیگەری دایکێکی تێدا بەدی دەکرێت ( مریەمە یا حەوا یا هەر دایکێکیتر) کە ئاگاداری منداڵەکەیەتی. منداڵەکە چەپکە گوڵەکانە یا چڵە گوڵەکەیە. گوڵەکان هەرجارەی دەبنە فیگەرێکی جیاواز.

زمانی بەکارهێنراو، زمانێکی هونەریی دروستکراوی نیگار خۆیەتی. لەو ڕووەوە نیگار دەڵێت :ئەو زمانەم  بەمەبەستەوە بەکارهێناوە، من لەم نمایشەدا نامەوێت زانیاری بگەیەنم، لەم سەردەمی دیجیتاڵ و پڕ زانیاریەدا، کە تادێت مرۆڤەکان لەیەک  دادەبڕێن و هەستکردن بە خۆشی و ئازاری مرۆڤەکان تا دێت کاڵ دەبێتەوە ، نامەوێت موخاتەبەی مێشک و تێگەیشتن بکەم، بەڵکو نیازم وایە موخاتەبەی هەستی بینەر و بیسەر، جوڵاندی هەستەکان بکەم چونکە بۆ منی هونەرمەندو بۆ هونەریش هەست لە ژیری گرنگترە .