یەكێتی ئەوروپا ھەڕەشەی بەرفراوانكردنی سزاكان لە سەر توركیا دەكات

یەكێتی ئەوروپا ھەوڵدەدات ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمەریكا بكات لە بارەی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە توركیا و رەوشی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست
ئاڵای یەكێتی ئەوروپا
ئاڵای یەكێتی ئەوروپا

K24 ھەولێر:

سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا لە لوتكەی برۆكسل، گلۆپی سەوزیان داگیرساند بۆ بەرفراوانكردنی "لیستی رەش" كە لە دوو فەرمانبەری سەر بە كۆمپانای نەوتی توركی پێكدێت.

یەكێتی ئەوروپا لە راگەیاندراوێكدا جەختیكردەوە لە ئەگەری بە ئامانجكردنی ژمارەیەكی زیاتری كەسەكان و لەوانەیە ناوی ژمارەیەك لە كۆمپانیا و رێكخراوەكانی حكومەتیش بخرێنە ناو لیستی سزاكانەوە، "ئەگەر ئەنقەرە بەردەوام بێت لە سەر كنە و پشكنین لە دەریای ناوەڕاستدا".

ھەروەھا یەكێتی ئەوروپا پابەندی خۆی نوێكردەوە بە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی خۆی و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتانی ئەندام و "ھەروەھا پاراستنی سەقامگیری ناوچەیی". روونیشكردەوە، "ھەوڵدەدات ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمەریكا بكات سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەستن بە توركیا و رەوشی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست".

سەركردەكانی دەوڵەتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا لە راگەیاندراوێكدا، كە لە میانی بەستنی لوتكەی ئەوروپایی لە برۆكسل بڵاوكرایه‌وه‌، پابەندبوونی خۆیان دەربڕی بوو لە پاراستنی تەواوی دەوڵەتانی یەكێتییەكە و پشتیوانیكردنی سەقامگیری ناوچەیی.

ھەروەھا ئەنجوومەنی ئەوروپایی داوایانكرد لیستێكی دیكەی رەش دابنرێت، بەپێی ئەو بڕیارەی لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوودا‌ وەرگیراوە لە بارەی "رێكارەكانی كۆتوبەندكردن بەھۆی ئەو چالاكییە ناڕەوایانەی توركیا لە دەریای ناوەڕاست ئەنجامیاندەدات".