ئەمەریکا لە ترسی گروپەکانی سەر بە ئێران فڕۆکەی B-52 دەهێنێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

فڕۆکەی بۆمبهەڵگری B52
فڕۆکەی بۆمبهەڵگری B52

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئاڕ تی رووسی، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەهۆی مەترسی هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، فڕۆکەی  B52 دەنێرێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرکردایەتیی ناوەندیی سەربازیی ئەمەریکاش لەوبارەوە دەڵێت، ناردنی فڕۆکەکە بۆ وەستانی هەر هێرشێکە کە دەکرێتە سەرمان، تاوەکو وەڵامێکی خێرامان هەبێت.

فەرماندە فرانک ماکێنزی لە سەرکردایەتیی ناوەندی سەربازیی ئەمەریکا دەڵێت، نەیارەکانمان دەبێت بزانن هیچ نەتەوەیەک لەسەر زەوی هێندەی ئێمە ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەرمان.

ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ لەوبارەوە بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ترسی هێرشی میلیشیاکانی هەیە و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاریی کردووە.

پێشتریش، ئەمەریکا بڕیاریدابوو، بەهۆی هەڕەشەکان، ژمارەی دیبلۆماتکارەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کەمبکاتەوە.