ئێران رۆژنامەنووسێکی ئۆپۆزیسیۆنی لەسێدارەدا

لە فەرەنساوە کەناڵێکی تەلەگرامی بەڕێوەدەبرد
زەم لەکاتی دادگاییکردنی، وێنە: ALI SHIRBAND / MIZAN NEWS AGENCY / AFP
زەم لەکاتی دادگاییکردنی، وێنە: ALI SHIRBAND / MIZAN NEWS AGENCY / AFP

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر روحوڵڵا زەم، رۆژنامەنووسی ئۆپۆزسیۆن جێبەجێکرد.

دادگای باڵای ئێران رایگەیاند بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 12-12-2020) سزای لەسێدارەدان بەسەر زەم جێبەجێکراوە، کە ئێران تۆمەتباری دەکرد بە سیخوڕیکردن بۆ فەرەنسا.

غوڵام حوسێن ئیسماعیلی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە  کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشکرا لەبارەی کەیسی ئەو رۆژنامەنووسە رایگەیاند "مانگێک دەبێت، دادگای باڵا بڕیاری لەبارەی کەیسەکەیەوە داوە، بڕیارەکە لە دادگای شۆڕشیش جەختی لەسەر کراوەتەوە"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.

پێشتر دەزگای ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندبوو روحوڵڵا زەم، ساڵی رابردوو لە سەردانێکیدا بۆ عێراق دەستگیرکراوە و رادەستی تاران کراوەتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە ئۆپۆزیسیۆنەی ئێران چەندین ساڵ لە فەرەنسا دەژیا، پێش ئەوەی لەلایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە بارودۆخێکی نادیاردا دەستگیربکرێت.

 لە مانگی ئۆکتۆبەری 2019، ئێران دەستگیرکردنی زامی راگەیاند، بەبێ ئەوەی شوێن و کاتی دەستگیرکردنەکەی دیاریبکات. راشیگەیاند "لەلایەن دەزگای هەواڵگریی فەرەنسییەوە هەڵدەسوڕێنرێت و"، هەریەک لە دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمەریکا و ئیسرائیل پشتگیری دەکەن.

 زام، لە چلەکانی تەمەنی بوو و لە فەرەنسا پەنابەر بوو، کەناڵێکی تەلەگرامی بەناوی "ئامەد نیوز" هەبوو، ئێران تۆمەتباری دەکرد بە رۆڵگێڕان لە خۆپیشاندانەکانی 2017 و 2018ـی ئێران.

 خۆپیشاندانەکان لەنێوان کانوونی یەکەمی 2017 بۆ کانوونی دووەمی 2018 چەندین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتەوە، تێیاندا زیاتر لە 25 کەس کوژران، خۆپیشاندانەکان بەهۆی گرانی دەستیانپێکرد، بەڵام هەرزوو رێڕەوێکی سیاسییان وەرگرت و حکومەت گوتی ئەمە "هەڵگەڕانەوەیە".

لە مانگی حوزەیران، ئیسماعیلی رایگەیاند دادگای شۆڕش لە تاران لەبارەی هەر 13 تۆمەتەکەی دراوەتە پاڵ زەم دەڵێ "ئەمە فەسادە لەسەر زەوی، بۆیە بڕیاری لەسێدارەدانی داوە".

‌هـ.ر.