ئیدارەی ترەمپ بای یەک ملیار دۆلار چەک بە مەغریب دەفرۆشێت

دوای ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل
ئاڵای مەغریب و ئەمەریکا
ئاڵای مەغریب و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، رۆژی هەینی دەستیکرد بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی واژۆکردنی گرێبەستێکی یەک ملیار دۆلاریی تایبەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و، چەک بە مەغریب، هەروەها کۆنگرێسی لەبارەی ئەو گرێبەستە ئاگادارکردەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بڵاویکردووەتەوە، گرێبەستەکە چوار فڕۆکەی بێگڕۆکەوان لە جۆری MQ-9Bm"ـی سی گاردیان" و، چەک دەگرێتەوە.

ئەو گرێبەستە لەکاتێکدایە، کۆشکی سپی رایگەیاند ئەمەریکا دەستپێشخەر بووە لەوەی هەریەک لە مەغریب و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەن.

هەر ئەمساڵ، ئەمەریکا دوای ئەوەی ئاشکرای کرد دەستپێشخەر بووە لە راگەیاندنی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، وەکو گرێبەستێکی لاوەکیش فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ئیمارات راگەیاند.

کۆنگرێسی ئەمەریکا لەکاتی بوونی هەر گرێبەستێکی گەورەی نێودەوڵەتیی لەبارەی چەک ئاگاداردەکرێتەوە، بۆ ئەوەی چانسێکی هەبێت پێداچوونەوە بە گرێبەستەکە بکات پێش ئەوەی واژۆبکرێت.

بەپێی یاساکانی هەناردەکردنی چەک لە ئەمەریکا، ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن لەوجۆرە گرێبەستانە، بەڵام سەرچاوەکانی رۆیتەرز دەڵێن، چاوەڕوان ناکەن ئەو گرێبەستە بەربەستی بێتە رێگا.