سێ هاووڵاتی دێرەلووك بە بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا گیانیان لە دەستدا

ئه‌و شوێنه‌ی لێی كوژراون له‌ده‌ست چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یه‌

سنووری ناحییه‌ی دێره‌لووك، ئه‌و شوینه‌ی سێ هاووڵاتییه‌كه‌ لێیه‌وه‌ بێسه‌روشوێن بوون
سنووری ناحییه‌ی دێره‌لووك، ئه‌و شوینه‌ی سێ هاووڵاتییه‌كه‌ لێیه‌وه‌ بێسه‌روشوێن بوون

K24- دێره‌لووك - دهۆك:

دوای گه‌ڕان بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌دوای سێ هاووڵاتیی ناحیه‌ی دێره‌لووكی سه‌ر به‌ قه‌زای ئامێدی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كانیانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ ته‌رمه‌كانیان له‌ ناوچه‌یه‌كی دووره‌ده‌ست به‌كوژراوی دۆزرانه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ ناوچه‌كه‌ رایگه‌یاند، ماوه‌ی دوو رۆژه‌ کەسوکاری سێ هاووڵاتیی خەڵکی ناحیەی دێرەلووك لە سنووری قەزای ئامێدی کە ماوەی 8 تا 9 رۆژه‌ بێسەروشوێن بوونه‌، بەدوایاندا دەگەڕێن، ئەمڕۆ شەممە 12/12/2020، تەرمی هەرسێکیان لە ناوچەیەکی دووره‌ده‌ست کە له‌ده‌ست چه‌كدارانی پەکەکەیه‌‌، دۆزرانەوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا‌ گیانیان لە دەست داوە.

سامی ئۆشانا بەرواری، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووك بە کوردستان24ی رایگەیاند، "نازانرێت ئەو سێ هاووڵاتییە بۆ چ مه‌به‌ستێك چوونه‌تە ئەو شوێنە، به‌ڵام پێده‌چێت بۆ راوکردن چووبن و ئەمڕۆ ته‌رمه‌كانیان له‌لایه‌ن کەسوکارەکانیانه‌وه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌‌".

ئۆشانا گوتی: "به‌هۆی دووری و سەختی ئەو شوێنە، هێشتا کەسوکارەکانیان نەگەیشتوونەته‌وه‌ دێرەلووك، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان، تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی دەکرێن".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ئه‌و سێ هاووڵاتییه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانی، به‌م ناوانه‌ی خواره‌وه‌ن:

حه‌سه‌ن سادق زێڕی نێروه‌یی

موحسین سپێری نێروه‌یی

سه‌فه‌ر سینی نێروه‌یی

H.B