ئەمەریکا دەست بە هاوردەکردنی نەوتی عێراق دەکاتەوە

ماوەی هەفتەیەک هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا وەستابوو
كێڵگەیەكی نەوتی عێراق فۆتۆ: AFP
كێڵگەیەكی نەوتی عێراق فۆتۆ: AFP

K24 - ھەولێر

فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، دوای هەفتەیەک وەستان، سەرەتای ئەم ھەفتەیە دەستیان هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق کردەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی فەرمانگەکە، ناوەندی هاوردەی نەوتی خاو لە لایەن ئەمەریکاوە لە هەفتەی رابردوو گەیشتووەتە، 5.883 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و بە بڕی 899 هەزار بەرمیل بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بەرزبووەتەوە.

ئەو فەرمانگە ئەمەریکییە لە راپۆرتەکەی ئاماژەی بەوەداوە، ئەمەریکا 109 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە عێراق هاوردەکردووە، کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتری دەستی بە هاوردەکردن کردووەتەوە، چونکە لەو هەفتەیەدا هیچ بڕە نەوتێکی لە عێراق هاوردە نەکردنبوو.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زۆرینەی هاوردەکانی هەفتەی رابردووی نەوتی ئەمەریکا لە کەنەدا بووە و بڕەکەی 3.989 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، لە دوای ئەویش مەکسیک بە 679 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. دوای ئەوانیش هەریەکە لە بەرازیل و سعوودیەن.