پەرلەمانی عەرەبی پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكات

پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكات
په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی
په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عەرەبی پێشوازی لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان دەكات.

لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دووەم کۆبوونەوەی سێیەم وەرزی، پەرلەمانی عەرەبی لە حەوت خاڵدا باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی دەکات سەبارەت بە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ (شەممە، 12-12-2020)ـی پەرلەمانی عەرەبی، بەپێی راگەیەندراوەکە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێکراوە، هەروەها باس لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارە لەیاسادەرچووەکان و پاراستنی ئارامی و سەروەریی عێراق کراوە لە رووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانە دەرەکییەکان.

لە خاڵێکی راگەیەندراوەکەشدا، پەرلەمانی عەرەبی دەڵێ "پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کورستان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بەجۆرێک لەگەڵ دەستوور و یاسا بگونجێت، هەروەها دادپەروەری بەدیبهێنرێت لە دابەشکردنی سامان لەنێوان رۆڵەکانی گەلی عێراقدا".

پەرلەمانی عەرەبی، کە دەستەی یاسایی وڵاتانی عەرەبییە و 88 ئەندامی هەیە؛ داواش لە وڵاتانی عەرەبی دەکات پەیوەندییەكانییان لەگەڵ عێراق پتەوتر بكەن. 

حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا رێککەوتنێکیان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکردووە و ئێستا رێککەوتنەکە لە قۆناخەکانی کۆتایی جێبەجێکردنیدایە.

ئەوەی ماوەیەکی زۆرە کێشەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستکردووە، بابەتی بودجە و مووچەیە، بەڵام هەردوولا لەسەر ئاستی سیاسی و حکومییەوە ماوەی چەند رۆژیکە لە کۆبوونەوەدان، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پێنج رۆژە لە بەغدایە بۆ رێککەوتن لەسەر یاسای قەرز و پرۆژەبودجەی 2021.