سبەی هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەستپێدەکات

تاوەکو کۆتایی چوارشەممە، سێ ملیۆن کەس بە ڤاکسینەکە دەکوترێن
لەماوەی سێ رۆژدا، سێ ملیۆن ئەمەریکی بە ڤاکسینەکە دەکوترێن، وێنە: REUTERS
لەماوەی سێ رۆژدا، سێ ملیۆن ئەمەریکی بە ڤاکسینەکە دەکوترێن، وێنە: REUTERS

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا رەزامەندییان نیشاندا لە بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر و بایۆنتێک، لە سبەیەوە دەست بە هەڵمەتی کوتان لە دژی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
 
یەکەم قۆناغی کوتان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەکاتێکدایە بەگوتەی جێن گۆستاڤ پێرنا، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەماوەی ئەم پشووی هەفتەیەدا سێ ملیۆن دۆس (ژەم)ـی ڤاکسینەکە رەوانەکراون بۆ سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمەریکا.

ئەو ڤاکسینەی کۆمپانیا ئەمەریکی و ئەڵمانییەکە، بەڕێژەی 95٪ کاریگەری لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکییەوە (FDA) رەزامەندیی لەسەر دراوە.
 
ئەمەریکا زەرەرمەندترین وڵاتی جیهانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەجۆرێک دوێنێ (شەممە، 12-12-2020)، 3 هەزار و 309 کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گیانیان لەدەستدا، کە ئەمەش زۆرترین گیانلەدەستدانە بەو ڤایرۆسە لە جیهان، لەماوەی یەک رۆژدا و لە یەک وڵات، لەوەتەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

رۆژی هەینی رێگەدرا بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی فایزەر و بایۆنتێک لەلایەن FDAـەیەوە، کە لەژێر فشارێکی زۆری ئیدارەی ترەمپ بوو بۆ رەزامەندیدان لەسەر ئەو هەنگاوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، جێن گۆستاڤ پێرنا گوتی "رۆژی دووشەممە، هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینەکە لە 145 شوێن دەستپێدەکات، سێشەممە لە 425 شوێنی دیکە، دوایینیشیان لە 66 شوێن دەبێت لە رۆژی چوارشەممە، بەمەش نزیکەی 3 ملیۆن کەس لەدژی ڤایرۆسەکە دەکوترێن".

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە جەختیشی کردەوە لەوەی "ئیمە لەو هەڵمەتە تەواونابین، هەتاوەکو هەموو ئەمەریکییەک ئەو ڤاکسینەی پێدەگات".

تائێستا زیاتر لە 72 ملیۆن کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ملیۆنیک و 611 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەم لە تووشبوون هەم لە گیانلەدەستدان بەو پەتایە لە یەکەمی لیستەکەیە. تائێستا زیاتر لە 16 ملیۆن کەس لەو وڵاتە تووشی پەتاکە بوون، زیاتر لە 305 هەزاریش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەو ژمارەیەش زیاتر لە دووئەوەندەی گیانلەدەستدانە بە پەتاکە لە هیندستان، کە لەڕووی گیانلەدەستدان و تووشبوون بەو پەتایە، لە دووەمی لیستەکەیە.