شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە
K24 – ھەولێر
بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشبینی دەكرێت نزمە پاڵەپەستۆیەك لە دەریای ناوەڕاستەوە كاریگەری بكاتە سەر ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان، سبەی رۆژی دووشەممە كاریگەرییەكانی زیاتر دەبن، ئەگەری بارانبارین زیاتر دەبێ. شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە پێشبینی دەكرێت بارانبارین ھەموو ناوچەكان بگرێتەوە، كاریگەرییەكان تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "لە رۆژی چوارشەممەوە پلەی گەرما بە 3 تا 4 پلە دادەبەزێت، لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت".
فازڵ ئیبراھیم، گوتی: "راستە تائێستا رێژەی بارانبارین دڵخۆشكەر نییە، بەڵام ھێشتا ھەر لەناو وەرزی پاییزداین و ھەفتەی داھاتوو شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".