توركیا ھەڕەشە لە ئێران دەكات

وەزیری دەرەوەی توركیا پەیوەندی بە ھاوتا ئێرانییەكەیەوە دەكات
ئاڵای ئێران و توركیا
ئاڵای ئێران و توركیا

K24 – ھەولێر

لەسەر گرژییەكانی نێوانیان و ھێرشكردنە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەزیری دەرەوەی توركیا پەیوەندی بە ھاوتا ئێرانییەكەی دەكات و پێیڕاگەیاندووە "لێدوانەكانتان دژی سەرۆك كۆمار جێگەی قبووڵكردن نییە".

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە رێورەسمی راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر ئەرمینیادا لە باكۆ، كۆپلە هۆنراوه‌ی ئاراس ئاراسی گوت، لەلایەن ئێرانەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە و بەرپرسانی ئێران لە میدیاكان ھێرشیان كردە سەر ئەردۆغان.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و گوتی: ئەردۆغان دژی سەربەخۆیی كۆماری ئازەربایجان قسەی كردووە. ھیچ كەس بۆی نییە باس لە ئازەربایجانی خۆشەویستی ئێمە بكات".

بەگوێرەی سەرچاوەکانی دیبلۆماتیکی ئێوارەی رۆژی شەممە 12/12/2020 مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ئەنجامداوە. گفتوگۆیان لەسەر خوێندنەوەی شیعرێک لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە شاری باکوی پایتەختی ئازەربایجان کردووە.

چاوشئۆغڵو بە ھاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە "ئەو شیعرەی خوێندراوەتە پەیوەندی بە قەرەباغەوە ھەبووە و سەرۆك کۆمار، لە وتەکانیدا ئاماژەی بە ئێران نەداوە".

ھەر لەسەر ئەم پرسە دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی توركیا محەمەد فەرازمەند باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە، بانگ كردووە نیگەرانی توركیایان سەبارەت بە ھێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئەردۆغان پێڕاگەیاندووە. ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەریا ئۆرس باڵیۆزی تورکیا لە تاران بانگ كردبوو.

سەرچاوە: aa