لەسەر كوژرانی سولەیمانی داوای لێكۆڵینەوە لە عەبادی دەكرێت

حەیدەر عەبادی گوتبووی: ئەو فڕۆکەیەی قاسم سولەیمانی و موهەندیسی کردە ئامانج رەزامەندی دەسەڵاتدارانی عێراقی وەرگرتبوو
حەیدەر عەبادی - قاسم سولەیمانی
حەیدەر عەبادی - قاسم سولەیمانی

K24 - ھەولێر

هاوپەیمانێتی فەتح داوای لێکۆڵینەوە لە گوتەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لەبارەی کوژرانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات.

موعین کازمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح رایگەیاند، لەسەر پرسی کوشتنی هەریەک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پێویستە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.

گوتیشی، عەبادی رایگەیاندبوو، ئەو فڕۆکەیەی قاسم سولەیمانی و موهەندیسی کردە ئامانج رەزامەندی دەسەڵاتدارانی عێراقی وەرگرتبوو، بۆیە پێویستە بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداو و زانیارییانە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە هەندێک لایەنی عێراقی لە کوشتنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس تێوەگلابن.

پێشتر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رەتیکردبووەوە، ئەوان رێگەیان دابێت، ئەو فڕۆکەیەی سولەیمانی وموهەندیسی کردە ئامانج بێتە ناوخاکی عێراق.

رۆژی 3/1/2020، سوپای ئەمەریکا لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس-ی كردە ئامانج.