پەرلەمانتارێك: لە بەغداوە ھاوكاری ھەیە بۆ تەعریب كردنەوەی ناوچە كوردستانییەكان

"ھەندێك دامودەزگای دەوڵەت ئاسانكاری بۆ كردون"
دیمەنێكی عەرەبە ھاوردەكان - ئەرشیف
دیمەنێكی عەرەبە ھاوردەكان - ئەرشیف

K24 – كەركووك

شاندێكی پەرلەمانتارا نی كورد و نوێنەری جوتیاران سەردانی سەرگەڕان و پەلكانەیان كرد، پەرلەمانتارێكیش رایگەیاند "ئەوەی لە پەڵكانە روودەدات پیلانە بۆ تەعریب و لە بەغداوە ھاوكاری دەكرێت".

رێبوار تەھا، پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەوەی ئێستا لە پەڵكانە روودەدات پیلانە و تەعریبە، ھەندێك ھاوكاریش لە بەغداوە بۆ تەعریبە ھەیە و ھەندێك دامودەزگای دەوڵەت ئاسانكاری بۆ كردون".

گوتیشی: "ئێمە ھەموو تەدەخولێكی سەربازی رەتدەكەینەوە، ھیوادارین لایەنی سەربازی لەم كێشەیە لایەنگری نەكات، ھەروەھا بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشانە كار بە ماددەی 140 بكرێت".

جەمال شوكر، پەرلەمانتاری كورد و ئەندامی لیژنەی ماددەی 140 رایگەیاند: "پێشتر كار لەسەر ماددەی 140 كراوە و چەند پێشنیازێك دراونەتە حكومەتی عێراق و ھەندێكیان بوون بە بڕیار، بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق كەمتەرخەم بووە لە جێبەجێكردنی پێشنیازەكانی لیژنەكە و بڕیارەكانی خۆیان".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو دۆخەی ئێستا لە پەڵكانە ھەیە، لە زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان ھەمان دۆخ لە ئارادایە".

ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوو جارێكی دیكە عەرەبە ھاوردەكان بە پشتیوانی حەشد و سوپای عێراق ھێرشیان كردە سەر كوردانی پەڵكانە و داوایان لێكردن خانووەكانیان چۆڵ بكەن و گوندەكەیان جێبھێڵن.