بەشیر حەداد لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوونی ئاڵۆزییەکانی پەڵکانە پێکدەهێنێت

داوایەک ئاراستەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهێنا لە پەرلەمانتارانی پێکھاتەکانی کەرکووکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهێنا بۆ بەدواداچوون بۆ ئاڵۆزییەکانی پەڵکانە.

بەپێی ئەو فەرمانەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەکەی دەریکردووە، کاری لیژنەکە بریتی دەبێت لە: بەدواداچوون بۆ ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی ماوەیەکە لە گوندی پەڵکانەی سەر بە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی سەلاحەدین و ديالە سەریهەڵداوەتەوە، ئەویش بەهۆی کێشەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و بەردەوامیی هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەکە و دەرکردنی دانیشتوانی کوردی ناوچەکە و هەڕەشەکردن لێیان لە رێگەی هێزی سەربازی جێگیرکراو لە ناوچەکەدا.

دکتۆر بەشیر حەداد لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، رایگەیاند "پێویستە لیژنەکە بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و، راپۆرتی خۆی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، تاوەکو ئەوانیش بابەتەکە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان تاوتوێ بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کیشەکانی ئەو ناوچەیە بدەن".

بەشیر حەداد، داواشی لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە کاری جدیتر بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین لە پارێزگای دیالە و، دوزخورماتوو له پارێزگای سەلاحەدین، چونکە "چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانە و مانەوەیان بە هەڵپەسێردراوی بەردوامیدانە بە ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچانە و زۆربوونی هەڕەشەی تیرۆرە لەسەر دانیشتووانی ناوچەکە".