هه‌ده‌په: زیاتر له 16 هه‌زار ئه‌نداممان ده‌ستگیركراوون
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لانی كوردیی له توركیا، "ئیبرۆ گونای" رایگه‌یاند، پارته‌كه‌یان رووبه‌ڕووی "قه‌سابخانه‌یه‌كی سیاسی" بووه‌ته‌وه و تا ئێستا (16) هه‌زار و (490) ئه‌ندامیان له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیاوه ده‌ستگیركراوون.
ئه‌مڕۆ له ئه‌نقه‌ره، "گونای" له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: (3) هه‌زار و (695) ئه‌ندامی هه‌ده‌په زیندانی كراوون و له‌و ژماره‌یه (93) كه‌سیان سه‌رۆكی هۆبه‌ن له ویلایه‌ته‌كان و (194) كه‌سیان سه‌رۆكی هۆبه‌ن له بازنه‌كان و (18) كه‌سیان ئه‌ندامی په‌رله‌مانن و (23) كه‌سیان ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی حزبن. هه‌روه‌ها (800) كه‌سیان به‌رپرسی لقه‌كانی حزبن له شار و شارۆچكه‌كاندا.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێستا (7) په‌رله‌مانتار و (15) ئه‌ندامی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی حزب وه‌ك بارمته ده‌ستگیركراوون.
روونیشیكرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتداران مافی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانیان له (13) په‌رله‌مانتار وه‌رگرتووه‌ته‌وه و سه‌رپه‌رشتیاریان به‌سه‌ر (48) شاره‌وانی سه‌ر به هه‌ده‌په‌دا سه‌پاندووه. (7) سه‌رۆكی لقه‌كانی شاره‌وانیشیان خستووه‌ته ژێر فه‌رمانی مانه‌وه‌ی ناچاری و (82) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كانیش ده‌ركراوون و (119) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كان ده‌ستگیركراوون.