جیرۆزالیم پۆست: توركیا ھەوڵدەدات ئیسرائیل بە ئاشتبوونەوەی "ساختە" گۆشەگیر بكات

توركیا ھەوڵیداوە بەڕێگای راگەیاندن و كۆمەڵێكی فشارەوە، ئاماژە بنێرێت بەوەی "پەیوەندی نھێنی" لە نێوان خۆی و ئیسرائیل ھەیە
سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – ھەولێر:

رۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست" ئیسرائیلی رایگەیاند، توركیا ھەوڵدەدات ئیسرائیل گۆشەگیر بكات بە بەكارھێنانی "ئاشبوونەوەی ساختە" و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵی تێكدانی دۆستایه‌تی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و ئیمارات بدات.

رۆژنامەكە لە گوتارێكدا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، نووسیویەتی: توركیا ھەوڵیداوە لە رێگه‌ی راگەیاندن و كۆمەڵێك فشارەوە، ئاماژە بنێرێت بەوەی "پەیوەندی نھێنی" لە نێوان خۆی و ئیسرائیل ھەیە، ھەروەھا "بەرژەوەندی ھاوبەش لە نێوانیاندا هه‌یه‌ سەبارەت بە قەوقاز و ئێران".

بەڵام رۆژنامەكە جەختیكردووەتەوە لەوەی "ھیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی ئیسرائیل و توركیا بەرژەوەندی ھاوبەشیان ھەیە سەبارەت بە ئێران. ھەوەھا ھیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەو پەیوەندییانە، كە گوایە "نھێنین" جگە لە ئاماژە ناردنەكانی توركیا بەمەبەست بۆ ئەوەی بەدیار بكەوێت، كەوا ئیسرائیل ئامادەیە فەرمانەكانی ئەنقەرە جێبەجێبكات"، بەپێی دەربڕینی رۆژنامەكە.

رۆژنامەكە ئاماژەیكردووە، ئەو "ئاشتبوونەوەیه‌ ساختە"ی توركیا دەیەوێت بەدەستیبهێنێت، دەستبەرداربوونی ئیسرائیلی پێویستە لەو گرێبەستانەی كار لە پێشخستنی غازی دەریای سپیی ناوه‌ڕاست و كاری ئیسرائیل لەگەڵ ھەر یەك لە قوبرس، یۆنان و میسر و بە تایبەتی پڕۆژەی ھێڵی بۆڕی غاز لەگەڵ قوبرس و یۆنان.  ھەر بەدەم ئەم روونكردنەوەیەوە ئاماژەیكردووە بەوەی "نەخشەكان بەدیاریان خستووە، توركیا كۆنترۆڵی ئاوێكی كردووە لە بەرامبەر قوبرس، بەمەش لەوانەیە بەشێك لە ناوچەی ئابووریی تایبەتی ئیسرائیل دابڕێنێ بۆ خۆی".

رۆژنامەكە لە كۆتاییدا ئاماژەیكردووە، "ئەنقەرە وا خۆی پیشاندەدات، كەوا ئامادەیە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل درووست بكاتەوە، بەڵام ھاوكات نێردەیەكی نوێی خۆی لە تەلئەبیب دامەزراندووە، ئەویش ئۆفۆك ئۆلۆتاسە، كە ناسراوە بە بۆچوونی دژ بە ئیسرائیل و زایۆنیزم".