لەندەن رێگری لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات لە سنوورە ئاوییەکەی راوە ماسی بکەن

بەریتانیا (4) کەشتی سەربازی و (14) هەزار سەربازی لە سنوورە ئاوییەکانی خستە ئامادەباشییەوە
ئاڵای به‌ریتانیا و ئاڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا
ئاڵای به‌ریتانیا و ئاڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا

K24 - هه‌ولێر:

ماسیگرانی نیشتەجێی باشووری به‌ریتانیا هیواخوازن، وڵاتەکەیان لە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە برێکزت، لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، کە لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت، بێ رێککەوتن کۆتایی پێبێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، وەزارەتی بەرگری بەریتانی (14) هەزار سەرباز و (4) کەشتی جەنگی خستە ئامادەباشییەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە کەشتی ماسیگرەکانی یەکێتی ئەوروپا بکات، لە سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیا راوە ماسی بکەن، ئەو هەوڵەش ماسیگرانی بەریتانیای دڵخۆشکردووە، داوا دەکەن وڵاتەکەیان بێ رێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە، بۆئه‌وه‌ی سنوورە ئاوییەکان بۆ خۆیان بگەڕێتەوە و بەئاسانی بتوانن راوە ماسی خۆیان بکەن.

 

لە کاتێدا، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێککەوتن، بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کەشتییەکانی سەر بە هێزی دەریایی شاهانە بۆ ئەوەی دەست بە مانۆری سەربازی بکەن، لەو سنوورە ئاوییانەی ماسیگرە بەریتانییەکان بژێویان تێیدا په‌یداده‌كه‌‌ن.

لەو بارەیەشەوە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، لەبارەی برێکزت، لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا نەگەنە رێککەوتن، دۆخی راگوزەر کۆتایی پێ هات؛ ئه‌وا چوار کەشتی جەنگیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیا بکەن بۆ ئەوەی رێگری لەو کەشتییەکانەی یەکێتی ئەوروپا بکەن کە لە سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیا راوە ماسی دەکەن.

ماسیگرێك، کە نیشتەجێی هاستینگز لە باشووری بەریتانیایه‌، داوا دەکات سنوورە ئاوییەکان بۆ ئەوان بگەڕێتەوە.

ماسیگر، پیتەر گۆکلان گوتی: "هەستدەکەم 40 ساڵ دەگەڕێمەوە دواوە، ئەو کاتەی کەس لە سنوورە ئاوییەکانمان نەبوو، دەمانتوانی بە ئازادی راوە ماسی بکەین، باوەڕ بکە دەست بە خواردنەوەی مه‌ی دەکەمه‌وه‌ کە 5 بۆ 6 ساڵە تەرکم کردووە."

یەکێتی ئەوروپا کار بۆ ئەوە دەکات، ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆ ماوەی ساڵێک کەشتی ماسیگرەکان بتوانێت لە سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیا کاربکات.

تێریلیا کۆگلان، ماسی فرۆشه‌، گوتی: "بەشێوەیەکی بنەڕەتی هیچ رێککەوتنێکمان ناوێت، ئەوەی گرنگە سنوورە ئاوییەکان بۆ خۆمان بگەڕێتەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت هیچ رێککەوتنێک ئەنجامنەدرێت، ئەوەش داواکاری هەموو کەسێکە، باوەڕناکەم ماسیگرێک لە ژیاندا بێت و داوای رێککەوتن بکات.

گفتۆگۆکان لە نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بەردەوامە، بۆ ئەوەی بگەنە هەڵوێستی کۆتایی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەریتانیا بە رێککەوتن یان بێ رێککەوتن لە یەکێتییەکە جیادەبێتەوە.

د.ی