سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا: ھێزەكانی تایبەتی توركیا بەشدارییانكرد لە ھێرشكردنە سەر پێگەكانمان لە باشووری قەرەباغ

ئەو ھێرشە لە كاتێكدا ئەنجامدراوە، كە ھێشتا ھێزەكانی ئاشتیپارێزی رووسیایی لەو ناوچەیانە بڵاو نەبوونەتەوە
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆل پاشینیان
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆل پاشینیان

K24 – ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆڵ پاشینیان یەكەكانی سەر بە ھێزە تایبەتەكانی توركیای تومەتباركرد بە بەشداریكردن لەو ھێرشانەی ھێزەكانی ئازەربایجان رۆژی شەممەی رابردوو ئەنجامییاندا دژ بە پێگەكانی ئەرمینیا لە باشووری قەرەباغ.

پاشینیان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە میانی دانیشتنێكی تەنگەتاوی ئەنجوومەنی نەتەوەییدا گوتی: "پێگەكانمان لە نزیك گوندی ھتسابیرد و ھین تاخلار ھێرشیان كراوەتە سەر لە لایەن یەكەكانی ئازەربایجانەوە. زانیاریش ھەیە لە سەر ئەوەی ھەندێك لە یەكەكانی سەر بە ھێزە تایبەتەكانی توركیا بەشدارییان لەو ھێرشەدا كردووە.  

بەپێی قسەكانی پاشینیان، ئەو ھێرشە لە كاتێكدا ئەنجامدراوە، كە ھێشتا ھێزەكانی ئاشتیپارێزی رووسیایی لەو ناوچانه‌ی ناویان ھاتووە، بڵاو نەبوونەتەوە. ھەروەھا ئاماژەیكرد، ھێرشەكە شەش برینداری ئەرمەنیی لێكەوتووەتەوە.

لە لایەن خۆیە باكۆ رایگەیاند، دەزگای ئەمنی دەوڵەتی ئازەربایجان لەم رۆژانەی دوواییدا "ئۆپەراسیۆنێكیان دژ بە تیرۆر" دەستپێكردووە لە دەڤەری خۆجاوەند (ناوە ئەرمینییەكەی ھادرۆت) لە ناوچەی قەرەباغ دژ بە "پێكھاتە چەكدارەكانی ئەرمەنی" و ھێشتا لە ناوچەیەكی دارستانی لە دەوری ھادرۆت بەردەوامە.

سەرچاوە: "تاس"