کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئامادەیە هاوکاری کۆمسیۆنی عێراق بکات

بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق تەرخان نەکراوە
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی

K24 - هه‌ولێر:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی فەرمی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. پیشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی ئه‌یلوول یان تشرینی دووه‌می ساڵی داهاتوو دوابخرێت، بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایگه‌یاند، تا ئێستا بودجە بۆ هەڵبژاردنەکە دابین نەکراوە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردوە و ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئەوەی هاوکاریان بن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوان لە نامەکەدا پێیان راگەیاندون، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەتوانن لە رووی راوێژکردن و هەماهەنگی و لایەنی لۆجستی هاوکاریان بن، بەڵام بەهۆی کۆمەڵیك کێشە لەبەردەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامیان نەدراوەتەوە، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان پێشبینی كرد هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق دوابکەوێت.

شێروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردن و راپرسی گوتی: "وه‌ك نیازپاكی خۆمان پێمان راگه‌یاندوون، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێویستیان به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان هه‌یه‌، له‌ بواره‌كانی لۆجستی، راوێژكاری و مه‌یدانیدا، هه‌ر بوارێك خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌ك كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان، بێگومان ئاماده‌ییمان ‌بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌ نیشتمانییه هه‌یه‌".

حکومەتی عێراق ناوەڕاستی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکردووە، کەمتر لە (7) مانگی ماوە بۆ ئەو وادەیە، ئامادەکارییە گرنگەکان ماون، لەوانە بودجەی دابین نەکردووە، کە نزیکەی (300) ملیۆن دۆلاری پێویستە، بێ ئەو ئامادەکارییانە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی دیاری کراودا بە ئەستەم دەزاندرێت.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ی پێشوه‌خت، "کاوە گەردی"، کارگێڕی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، (3) فاكته‌ری سه‌ره‌كی پێویسته‌‌، بودجه‌ و كات و سامانی مرۆییه‌، له‌كاتێكدا بودجه‌ نییه‌، كاتمان به‌ره‌و‌ كۆتایی ده‌ڕوا، (6) مانگ ماوه‌، نزیكه‌ی (300) هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ستی پێویسته‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی پێویستیان به راهێنانه‌، بۆیه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌كاتی خۆیدا بكرێت".

چەندین ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە هەن، لەوانە دۆخی تەندروستی و ئەمنی و سیاسی لە عێراق، لەسەرووی هەموویانه‌وه‌ بودجەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەتی عێراق ئەو هەڵبژاردنە بەقەرز ئەنجام بدات، یان بۆ كاتێكی دیكە دوای بخات.

د.ی