زانیاری نوێ لەبارەی پەلامارەكەی پەكەكە

پێشمەرگەیەك شەھید بوو
دیمەنێكی گوندی دێرش لە دەڤەری ئامێدی ئەو شوێنەی كە شەوی رابردوو پەكەكە پەلاماری پێشمەرگەی دا
دیمەنێكی گوندی دێرش لە دەڤەری ئامێدی ئەو شوێنەی كە شەوی رابردوو پەكەكە پەلاماری پێشمەرگەی دا

K24 – دھۆك

جارێكی دیكە پەكەكە لە سنووری پارێزگای دھۆك پەلاماری ھێزی پێشمەرگەی دا، لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەك شەھیدبوو.

پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری ئامێدی رایگەیاند، شەوی رابردوو لە گوندی دێرشی سنووری دەڤەری ئامێدی، ژمارەیەك گەریلای پەكەكە بە ئۆتۆمبێل لە بازگەیەكی ھێزی پێشمەرگە دەدەن و ناوەستن، دواتر تەقە لە بازگەكە دەكەن، لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەك بەناوی عەبدولرەحمان ئەمین شێخ مووس، بە پلەی مولازمی یەكەم شەھید بوو. ئەو ئەفسەرەی ھێزی پێشمەرگە كە جێگری فەرماندەی یەكەی (سریە)ی 2ی فەوجی 3ی زێرەڤانی بوو، لە شەڕی داعش رۆڵی بەرچاوی ھەبووە".

پێشتریش لە 4/11/2020 پەكەكە لە ناحیەی چەمانكێ پەلاماری ھێزی پێشمەرگەیان دا و پێشمەرگەیەكیان شەھید كرد و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

لە دوای راپەڕین پەكەكە چەندین جار شەڕی ھێزی پێشمەرگە و لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستانی راگەیاندووە، جگە لەوەش بەھۆی بوونی بارەگاكانی پەكەكە توركیا بەردەوام ناوچە سنوورییەكان بۆردومان و تۆپباران دەكات، كە زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێكەوتووەتەوە. حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەندین جار پەكەكەی ئاگادار كردووەتەوە كە رێز لە سەروەری خاكی ھەرێمی كوردستان بگرێت و شەڕ لەناو ھەرێمی كوردستان دوورخاتەوە، بەڵام پەكەكە نەك ھەر ئەوە ناكات، بەڵكو ھێرش دەكاتە سەر ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ئەركی پاراستنی ھەرێمی كوردستانە.