عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ئەڵمانیا و دانیمارك دەستپێكردەوە

وەزارەت گرێبەستێكی لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیاكانی ئەوروپایی كردووە بۆ بەكرێ گرتنی فڕۆكەیەك
ھێلی ئاسمانی عێراقی
ھێلی ئاسمانی عێراقی

K24 – ھەولێر:

وەزیری گواستنەوەی عێراقی، ناسر شبلی رایگەیاند، سبەی سێشەممە گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ئەڵمانیا و دانیمارك دەستپێدەكاتەوە. گوتیشی لەوانەیە عێراق لە 2021 دوو فڕۆكەی نوێ لە كۆمپانیای ئێرباس وەرگرێت.

وەزیری گواستنەوە ئاشكرایكرد: "لەوانەیە لە 15 ئەم مانگەوە گەشتە ئاسمانییەكان بەرەو دانیمارك و ئەڵمانیا دەستپێبكەنەوە و بەدەستنیشانكراویش بۆ كۆپنھاگن، فرانكفۆرت و بەرلین".

شبلی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانی عێراقی خراپ نین، لە 31 فڕۆكە پێك دێت. ئاماژەشیكرد بەوەی گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆمپانیای ئێرباس ھەیە و ئومێد دەكرێت لە ساڵی داھاتوودا عێراق دوو فڕۆكەی نوێ لەو كۆمپانیایەوە رادەست بكرێت".

گوتیشی: گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ئەوروپا لە ساڵی 2015 دەستیپێكرد و ساڵی رابردوو راگیران. روونیشكردەوە، وەزارەت گرێبەستێكی لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیاكانی ئەوروپایی كردووە بۆ بەكرێ گرتنی فڕۆكەیەك و بۆ ئەم مەبەستەش رەزامەندییەكان وەرگیراون.

سەرچاوە: "ئاژانسی ھەواڵی عێراقی".