برنج و دایبی و مووچه‌مان ده‌وێ!
خه‌ڵك هان ده‌ده‌ن كه چوونه‌وه سه‌ر به‌غداد و راده‌ستكردنی نه‌وت و سامانی ئه‌م وڵاته‌یان به‌لاوه خۆش و گرنگ و باش بێت. فێریان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌رێم (بوون و نه‌بوونی خۆی) راده‌ستی ئه‌وان بكات، به‌غداد جوان و رازاوه‌یه و دڵسۆزیانه و مووچه‌یان ده‌داتێ!
به‌و خه‌ڵكه ده‌ڵێن: یان بیسووتێنه و بیڕووخێنه و كاولی بكه، یان به زۆر پێیان بخه‌ره‌وه سه‌ر به‌غداد. كه‌چی ئێستا كه حكومه‌تی هه‌رێم خه‌ریكه ئه‌وه‌یان بۆ ده‌كات كه ئاره‌زوویان ده‌كرد و حه‌زیان پێی بوو، وا خه‌ریكه له سه‌ر خواستی ئه‌م تۆپه‌ڵه مرۆڤه لاده‌ره تا وڵات كاول نه‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌درێت به به‌غداد كه ده‌یان وت بیده‌رێ! نه‌وت و ئیمان و ئه‌مان دراوه به به‌غداد تا نان و دایبی بۆ ئه‌مان دابین بكرێت، كه‌چی هه‌ر ئه‌مانه هاتوون ده‌ڵێن: سازش بۆ به‌غداد ده‌كه‌ن! هه‌موو شتێكیان داوه به به‌غداد و حیسابیشیان بۆ ناكرێت. ده‌ڵێن: حكومه‌تی هه‌رێم كوردستانی هه‌ڕاج كردووه و لای به‌غداد متمانه‌یان نه‌ماوه. ئێ تۆ كه ده‌زانیت هه‌موو شتیش بده‌یت به به‌غداد، هه‌ر هیچت ناداتێ، ئیتر بۆچی حكومه‌تی هه‌رێم ناچار ده‌كه‌یت هه‌رچی بۆڕی و به‌رمیل و به‌تانی و باره‌گایه راده‌ستی ئه‌م به‌ده‌وییانه‌ی بكات؟
خه‌ڵكیان له سه‌ر شاشه‌كان سووك و ره‌زیل كردووه و ده‌یخه‌نه گریان و فیغان بۆ برنج و مریشك و دایبی. به درێژایی مێژوو، له مادده‌وه تا 2011، هیچ كوردێك له مه‌لائی عام و له سه‌ر ته‌له‌فزیۆن بۆ (برنج خواردن) نه‌گریاوه، كه‌چی پیره‌پیاوی كوردیان وا لێ‌كرد به گریانه‌وه بڵێت: مانگێكه برنجم نه‌خواردووه!
خه‌ڵكیان هێنا عه‌باددی عه‌باددییان پێكردن، به شعر و هۆنراوه بۆیان هۆنینه‌وه تا بڵێن: كازمی... كازمی... تۆ بۆ ئێمه لازمی! خۆیان گه‌نمیان فرۆشتووه به به‌غداد، پاره‌كه‌یان ناده‌نێ و كه‌چی ده‌پاڕێنه‌وه لێیان، لێره‌ش دنیایان سووتاندووه و وه‌كو منداڵێكی لاسار په‌ڵپیان گرتووه ئیللا بچینه‌وه سه‌ر نه‌جه‌ف و كوفه تا مووچه‌مان هه‌بێت.
له هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌كی كوردستان، دووسه‌د سێسه‌د كه‌سیان ناوناوه میلله‌ت، به‌ریان ده‌ده‌نه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه خۆیان حه‌زیان پێیه‌تی تێك بدرێ و كاول بكرێت. رۆژێك ده‌یانده‌نه پاڵ حه‌شدی شه‌عبی، رۆژێك چه‌پڵه‌یان بۆ پاسدار پێده‌كوتن، رۆژێكی تر هانیان ده‌ده‌ن هه‌موومان ناچار بكه‌ن بچینه‌وه سه‌ر به‌غداد. فه‌وجی خه‌فیفه‌ی حه‌شدی شه‌عبییان بۆ ده‌كه‌نه‌وه و به وتاری درێژ درێژیش شه‌رعییه‌تیان بۆ ده‌دوورن! هه‌رچی بكه‌ن و هه‌رچی بسووتێنن و تێكبده‌ن، هه‌ر ده‌ڵێن حه‌قیانه و دزییان لێكراوه.
تۆپه‌ڵێك خه‌ڵك كه به‌رده‌وام جنێو ده‌ده‌ن و خۆیان له مه‌رته‌به‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ده‌بینن و هه‌موو كه‌سی تریان پێ ناحه‌ق و دز و گه‌نده‌ڵه، سووتان و كاولكارییه‌كی گه‌وره ده‌نێنه‌وه و ناویشی ده‌نێن شۆڕش، شۆڕشێك كه ئیلهامی له ئیخوان و حه‌ماسه‌تی له لیبیاوه وه‌رگرتووه، هه‌میشه له‌مسه‌رییه‌وه یه‌مه‌ن و له‌و سه‌ریشییه‌وه سووریا به (HD) دیاره.