ئه‌مه‌ریكا له‌سێداره‌دانی رۆژنامه‌نووسه ئێرانییه‌كه به‌توندی ئیدانه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی: واشنتن به‌توندی له‌سێداره‌دانی "دڕندانه"ی بێ پاساوی رۆحوڵڵا زام، رۆژنامه‌نووسی به‌رهه‌ڵستكاری ئێرانی ئیدانه ده‌كات.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، پۆ‌مپێیۆ نووسیویه‌تی: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به توندی له‌سێداره‌دانی نادادپه‌روه‌رانه و "دڕندانه‌ی" رۆحوڵڵا زام، رۆژنامه‌نووسی ئێرانی له‌لایه‌ن تارانه‌وه ئیدانه ده‌كات، كه رژێمی ئه‌و وڵاته له ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌یان رفاندووه".
پۆ‌مپێیۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و له‌سێداره‌دانه دڕندایه‌تی و گه‌نده‌ڵیی رژێمی ئێرانی نیشان ده‌دات، كه له ماوه‌ی 41 ساڵدا زیاتر له 860 رۆژنامه‌نووس له‌و وڵاته له‌سێداره‌دراون".
دادگای ئێران به تۆمه‌تی هاندانی به‌رهه‌ڵستكارانی حكومه‌ت له ساڵی 2017 له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر رۆحوڵڵا زام، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی "ئامه‌د نیوز" له "ته‌لیگرام"ـدا سه‌پاند، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌یان له فه‌ره‌نسا هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و رایانكیشایه عێراق و ساڵی رابردوو له‌و وڵاته ده‌ستگیریانكرد.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه میدیا ئێرانییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسه ئێرانییه‌كه‌دا جێبه‌جێ كرا.
رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردووش دادگای باڵای ئێران پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری له‌سێداره‌دانی رۆحوڵڵا زام نیشاندان.
H.B