ژمارەیەك لە ئەندامانی سەرایای خوراسانیی دهستگیركران و ئەمینداری گشتیشی خۆی رادەست كرد
K24 – ھەولێر:
سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ھێزێكی ئەمنی حەشدی شەعبی شاڵاوێكی دەستگیركردنیان دژ بە ئەندامانی سەرایای خوراسانیی سەر بە حەشدی شەعبییان دەستپێكردووە.
سەرچاوەكە روونیكردەوە، ھێزێك لە ئەمنی حەشدی شەعبی نزیكەی 25 ئەندامی سەر بە سەرایای خۆراسانییان دەستگیركرد، ئاماژەشیكرد، ئەمینداری گشتی سەرایا، عەلی یاسری، بەرەو سووریا دەڕۆیشت و دوای شاڵاوی دەستگیركردن گەڕایەوە و خۆی رادەستی بەڕێوبەرایەتی ئەمنی حەشدی شەعبی كرد.
ئەمە دوای چەند كاتژمێرێك ھات لە دەستگیركردنی ئەمینداری پێشووی سەرایای خۆراسانی، حامید جەزائیری لە لایەن ھێزێكی ئەمنی حەشدی شەعبییەوە لەگەڵ ژمارەیەك لە شوێنكەوتووانی لە بەغدا. تا ئێستا نازانرێت ھۆكاری دەستگیركردنیان چیە.