لایه‌نه‌كانی كه‌ركووك حه‌شدی كوردی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

لایه‌نه‌كان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

سەرجەم حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک دژی پێكهێنانی حەشدی شەعبی کوردین و ئەو ھەنگاوەیان رەتکردەوە و داوایانکرد گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بگاتە ئەنجام بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەکان.

پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەرچەندە لە کەرکووک نییە و بارەگاکانی داگیرکراوە، بەڵام ھاوبۆچوون بوو لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان لە ڕەتکردنەوەی حەشدی کوردی لە سنووری ناوچە دابڕاوەکان.

ئەو حەشدە کوردییەی کە لە کەرکووک درووستکراوە تاکو ئێستا کەس خۆی بەخاوەنی نەکردووە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ھەموو حزبە کوردییەکانی لە بارەگای مەڵبەند کۆکردووتەوە و دژی ئەو حەشدەن، کە لە رۆژئاوای کەرکووک درووستکراوە.

ھێزە کوردییەکانی دیکەش ھەمان بۆچوونیان ھەیە، تەنانەت پێیان وایە ئەمە مۆدێلێکی تازەییە لە جاشایەتی.

ژمارەی چەکدارەکانی حەشدی كوردی 120 کەسە و خۆیان دەڵێن، سەر بەدەستەی حەشدی شەعبین، بەڵام حەشدی شەعبی ئەمەی رەتکردووەتەوە و بێ ئاگایی خۆی لە درووستکردنی ھێزیکی لەو شێوەیە نیشانداوە.

لایەنە کوردییەکانیش دەیانەوێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە نەک ھێزی دیکە درووست بکرێت لەناوچەکە.

ھێزەکەی حەشدی کوردی، ھیچ پاڵپشتیەکی ھاووڵاتیان و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی بەدەست نەھێناوە، تاکو ئێستاش ھیچ سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی پاڵپشتی لێ نەکردوون.