ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی ئەمەریکا سەرکەوتنی بایدنی پەسەندکرد

جۆو بایدن "تووندترین هێرش" دەکاتە سەر ترەمپ
جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و جیڵ بایدنی هاوسەری لە دیڵوەر پێش پێشکەشکردنی گوتارەکەی، وێنە: ROBERTO SCHMIDT / AFP
جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و جیڵ بایدنی هاوسەری لە دیڵوەر پێش پێشکەشکردنی گوتارەکەی، وێنە: ROBERTO SCHMIDT / AFP

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی هەڵبژاردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکانی 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا سەرکەوتووە.

ئەنجوومەنی هەڵبژاردن، نوێنەری هەموو ویلایەتەکانی ئەمەریکا لەخۆدەگرێت، ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە، 14-12-2020 بە کاتی ئەمەریکا) دەنگیان دا و رایگەیاند، بایدن بە 306 دەنگ بەرامبەر 232 دەنگی دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتوو بووە. ئەو ئەنجامەش دەنێرێتە کۆنگرێس بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی لە مانگی کانوونی دووەم رەزامەندی لەسەر بدرێت.

لە وتارێکدا لە دیڵوەر، جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بە تووندترین شێوە ئیدانەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینی واقع و گوتی "گڕی دیموکراسییەت ماوەیەکی زۆرە لەنێو ئەم گەلە هەڵبووە... ئەو گڕە بە پەتایەکی جیهانی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ناکوژێتەوە".

بایدن هەروەها رایگەیاند "لەو شەڕەدا لەدژی رۆحی ئەمەریکا، دیموکراسییەت سەرکەوت... ئێمە گەلێکین دڵنیاین لە دامەزراوەکانمان و بێگەردیی هەڵبژاردنەکانمان. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەکە هەڵبدەینەوە بۆ یەکگرتوویی و چاکبوونەوە".

تیمی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەچەندین شێواز تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دا، بەڵام زۆربەی تانەکان رەتکرانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ترەمپ دانی بە شکستەکەیدا نەناوە.

بایدن دەڵێ "هەوڵ هەبوو بۆ سڕینەوەی دەنگی 20 ملیۆن ئەمەریکی لە ویلایەتەکان و دەسەڵاتدان بە کانیدێک کە دەنگی  ئەنجوومەنی هەڵبژاردن و خەڵکی دۆڕاند، هەروەها هەموو دەنگەکانی لە هەموو ئەو ویلایەتانە لەدەستدا کە (تێیاندا دۆڕا بوو) و هەوڵیدەدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لێ هەڵبگێڕێتەوە".