ئەو گڵۆپە LEDـیانەی تیشکی وەنەوشەیی دەدەن، کۆرۆنا لەناودەبەن

"بە هەرزان و سەلامەتی و خێرایی 99.9٪ـی ڤایرۆسەکە لە نیو خولەک لەناودەبەن"
ئەو گڵۆپانە "بە هەرزان و سەلامەتی و خێرایی 99.9٪ـی ڤایرۆسەکە لە نیو خولەک لەناودەبەن"
ئەو گڵۆپانە "بە هەرزان و سەلامەتی و خێرایی 99.9٪ـی ڤایرۆسەکە لە نیو خولەک لەناودەبەن"

K24 – هەولێر:

لێکۆڵەران لە زانکۆی تەلئەڤیڤ دەڵێن؛ دەتوانرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخێرایی و تێچوویەکی کەم لەناوببرێت بە بەکارهێنانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی (UV)، هەروەها پێیانوایە تەکنەلۆژیای یوڤی لێد (UV-LED) بەمزووانە بەردەستدەبێت بۆ لەنێوبردنی ڤایرۆسەکە بۆ کەرتی تایبەت و بازرگانی.

ئەمە یەکەم لێکۆڵینەوەیە بە بەکارهێنانی درێژی و فریکوێنسیی جیاوازی UV-LED لەسەر ڤایرۆسەکانی خێزانی کۆرۆنا کراوە.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن ئاداس مەمانی، سەرۆکی بەشی پرۆگرامی ئەندازیاریی ژینگەیی لە زانکۆی تەلئەڤیڤ و ئاڵدار فلیشمان لە کۆلێژی ئەندازیاریی سەرۆکایەتی کراوە، ئەنجامەکەشی لە گۆڤاری فۆتۆکیمستری و فۆتۆبایۆلۆجی بڵاوکراوەتەوە.

پرۆفیسۆر مەمانی دەڵێ "ئێستا هەموو جیهان لەدوای رێگەیەک دەگەڕێ بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کێشەکە ئەوەیە بۆ ئەوەی: پاس، شەمەندەفەر، یان فڕۆکەیەک لە ڤایرۆسەکە پاکبکەیتەوە، پێویستت بە دەستی کارە، هەروەها دەبێت ماوەیەک چاوەڕێ بکەی تاوەکو ماددە کیمیاییەکان کاری خۆیان دەکەن، بەپێچەوانەی ئەو سیستەمانەی پشت بە گڵۆپی LED دەبەستن، کە دەتوانرێت لە سیستەمی هەواگۆڕکێ جێگیربکرێن و هەوا بەتەواوی پاکبکەنەوە".

لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، پرۆفیسۆرە ئیسرائیلییەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی "بۆمان دەرکەوت، لەنێوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەکارهێنانی گڵۆپی LED کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەدەن، زۆر ئاسانە. ئێمە، ڤایرۆسەکەمان لەناوبرد بەو گڵۆپە LEDـیانەی هەن، کە بڕێکی کەمتر وزەیان پێویستە و ماددەی جیوەیان تێدا نییە بەراورد بە گڵۆپی ئاسایی. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی ئێمەدا دەرکەوتووە؛ دەکرێت ئەو جۆرە گڵۆپانە بە خێرایی و سەلامەتی لە هەموو بوارەکانی ژیان بەکاربهێنین".

لێکۆڵەرەکان تاقیکردنەوەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە درێژیی شەپۆلی ئەو تیشکانە ئەگەر 285 نانۆمەتر بێت، بەهەمان شێوەی ئەوانەی درێژیی شەپۆلیان 265 نانۆمەترە، کاریگەرن لە لەناوبردنی ڤایرۆسەکە و پێویستییان بە نیو خولەکە بۆ لەناوبردنی 99.9٪ـی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەنجامەکە گرنگە؛ چونکە نرخی ئەو گڵۆپانەی درێژیی شەپۆلەکەیان 285 نانۆمەترە، زۆر کەمترە لەو گڵۆپانەی درێژیی شەپۆلەکەیان 265 نانۆمەترە، هەروەها زیاتریش بەردەستن.

پرۆفیسۆرەکە پێیوایە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانست، دەتوانرێت ئەو جۆرە گڵۆپانە لە سیستەمی رۆبۆت، هەواگۆڕکێ، کۆندیشنەر، گسکی کارەبایی و سیستەمی پاککردنەوەی ئاو دابنرێن بۆ ئەوەی شوێنی گەورە بەئاسانی و هەرزانی پاکبکرێنەوە.
بەڵام بەرکەوتنی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بە پێست ئەنجامی تەندروستیی زۆر خراپی هەیە، بۆیە نابێت هیچ کەسێک لەخۆیەوە هەوڵبدات تاقیکردنەوە بکات بۆ پاککردنەوەی ماڵەکەی بەم رێگەیە. سیستەمەکە بۆ ئەوەی بەتەواوی سەرکەوتوو بێت، دەبێت بەجۆرێک بێت، تیشکی سەروو وەنەوشەیی راستەوخۆ بە کەس نەکەوێت.