بارەگای ئەنەكەسە لە عاموودا سوتێندرا

سەرۆكی نووسینگەی ئەنەكەسە لە عاموودا: لە دوێنێوە بارەگاكەمان سوتێندراوە، تائێستا ھێزە ئەمنییەكان سەردانیان نەكردوین
دیمەنێكی نووسینگەی ئەنەكەسە لە عاموودا دوای سوتاندنی لەلایەن چەند كەسێكەوە
دیمەنێكی نووسینگەی ئەنەكەسە لە عاموودا دوای سوتاندنی لەلایەن چەند كەسێكەوە

K24 – ھەولێر

بارەگای ئەنجومەنی نیشتمانی كورد ( ئەنەكەسە) لە شاری عاموودای رۆژئاوای سووریا لەلایەن چەند كەسێكەوە سوتێندرا.

محەمەد عومەر شێخ مووس، سەرۆكی نووسینگەی ئەنەكەسە لە عاموودا بە كوردستان24ی گوت: "ئێمە بەڵگەمان نییە، بۆیە كەس بە سوتاندنی بارەگاكەمان تۆمەتبار ناكەین، بەڵام بێگومان لە رووی ئیداری و ئەمنییەوە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لێرە دەسەڵاتدارە، بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی ئەوانە لێكۆڵینەوە بكەن و تاوانباران دەستنیشان بكەن".

گوتیشی: "لە ئێوارەی دوێنێوە بارەگاكەمان سوتێندراوە، تائێستا ھێزەكانی ئەمنی ئێرە سەردانیان نەكردوین، كە پێویستە ھاتبان و لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە كردبا، نازانین بۆ نەھاتوون".

سەرۆكی نووسینگەی ئەنەكەسە لە عاموودا ئاماژەی بەوەكرد: "بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، رۆژانە لە كاتەكانی ئێوارەدا بارەگاكەمان دادەخەین، بۆیە ئەوكاتە سوتاندویانە ھیچ كادیر و ئەندامێكی ئێمە لێرە نەبووە".

لاڤە ئەسعەد، پەیامنێری كوردستان24 لە عاموودا، ئەوەی خستەڕوو: "بارەگای ئەنەكەسە لەكاتەكانی ئێوارەی دوێنێ 14/12/2020 سوتێندراوە".