کورتە فیلمێکی کوردی خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی فیلم لە ئەوروپا بەدەستدەهێنێت

چیرۆکی کورتە فیلمەکە باسی لەنێوچوونی شوێنەواری حەسکێف دەکات
دیمەنێكی فیلمەكە
دیمەنێكی فیلمەكە

K24 - دیاربەكر

کورتە فیلمێکی دەرهێنەری کورد محەمەد ئیسماعیل چەچەن، لە 10یەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی یەکێتی ئەوروپا پلەی یەکەم بەدەستھێنا.

چیرۆکی کورتە فیلمەکە لەبارەی بەنداوی ئەلیسۆیە لە باكووری كوردستان، کە بەهۆی دروستکردنییەوە شوێنەوارەکانی حەسکێف لەنێودەچێت، کە مێژووەکەی بۆ 12 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. دەرهێنەرەکە ئاماژەی بەوەكرد، لە رێگەی کارە هونەرییەکانی دەیەوێت دەنگی کورد بە هەموو جیهان بگەیەنێت.

محەمەد ئیسماعیل چەچەن، بە كوردستان24ی گوت: "لە رووداوی حەسكێف 199 گوند ژێر ئاو كەوتون و شوێنەواریان دیارنەماوە، بۆیە مەبەستم لەم كارە ئەوەیە مێژووی ئەوان ون نەبێت".

یەكێك لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی فیلمەكە منداڵێكە بەناوی ئاردا چەچەن ئەو دەڵێ: "زۆر بە ورەبووم لەكاتی وێنەگرتنی فیلمەكە، لە كەشێكی سارد دا كارمان دەكرد، بەڵام حەزم لە بینینی رۆڵ بوو لە فیلمەكە، دەمەوێت ببم بە ئەكتەرێكی ناودار".