بنکەیەکی چارەسەری کۆرۆنا لە هەڵەبجە داخرا

400 تووشبووی کۆرۆنا لەو بنکەیە چارەسەرکراون
دیمەنێکی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، وێنە: فەیسبووکی تەندروستیی هەڵەبجە
دیمەنێکی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، وێنە: فەیسبووکی تەندروستیی هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

لە پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی کەمبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆنا، ئەمڕۆ بنکەی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لەنێو نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی داخرا.

لەگەڵ تۆمارکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەڵەبجە، قاوشێکی نەخۆشخانەی وەفا، کرایە سەنتەری چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا، بەڵام پڕ بوو لە نەخۆش و شوێنی نەخۆشی دیکە نەمابوو، بۆیە چوار مانگ لەمەوبەر قاوشێکی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کرا بە سەنتەری دووەمی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا.
 
دکتۆر شاناز نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەو سەنتەرەی نێو نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا 400 نەخۆش خرانە ژێر چاودێریی تەندروستی و خۆشبەختانە ئێستا هیچ نەخۆشێکی لێ نەماوە و بەشەکەمان داخست".

بۆ لەمەودوا تووشبووانی کۆرۆنا لە هەڵەبجە، ئەوانەی پێویستییان بە چاودێریی پزیشکییە، لە نەخۆشخانەی وەفا چاودێری دەکرێن، دکتۆر شاناز دەڵێ "ئێستا 11 نەخۆشی لییە و دووانیان لەژێر چاودێریی چڕ و ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان".

لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە پارێزگای هەڵەبجە، 12 پشکنین کراوە و دوو حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکە تۆمارکراون، بەگوتەی گوتەبێژەکەی تەندروستیی هەڵەبجە "چونکە لەکاتی پشکنیندا تووشبوونی نوێ تۆماردەکرێت، ناتوانین بڵێین ڤایرۆسی کۆرۆنا بنبڕ بووە، بەڵام مەترسییەکەی تاڕادەیەک کەمتر بووەتەوە".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، لە هەڵەبجە لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەمترە. تائێستا لەو پارێزگایە 3 هەزار و 93 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 896 کەسیان چاکبوونەتەوە، لەبەرامبەردا 141ـیان گیانیان لەدەستداوە.

هـ.ر.