ئەو پیاوە ژاپۆنییەی 9 کەسی کوشت و پارچەپارچەی کردن، لەسێدارە دەدرێت

قوربانییەکانی لە توویتەر باسی خۆکوشتنیان کردبوو
تاکاهیرۆ شیرایشی لە ساڵی 2017 دەستگیرکرا، وێنە: GETTY IMAGES
تاکاهیرۆ شیرایشی لە ساڵی 2017 دەستگیرکرا، وێنە: GETTY IMAGES

K24 - هەولێر

پیاوێکی ژاپۆنی، ناوسراو بە "بکوژەکەی توویتەر"، ئەمڕۆ لەلایەن دادگای تۆکیۆ فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەهۆی کوشتن و پارچەپارچەکردنی نۆ کەس، کە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسیبوونی.

تاکاهیرۆ شیرایشی، تەمەنی 30 ساڵە، دانی بەوەدانا نۆ کەسی گەنجی کوشتووە و پارچەپارچەی کردوون، قوربانییەکانی جگە لە یەکێکیان کە پیاو بوو، هەموویان کچی گەنج بوون.

شیرایشی، ئەو بەکارهێنەرانەی سۆشیاڵ میدیای کردبووە ئامانج، کە لە توویتەکانیاندا باسی خۆکوشتنیان دەکرد، پێی گوتوون دەتوانێت یارمەتییان بدات لە خۆکوشتن، تەنانەت لەگەڵیشیان دەمرێت.

پارێزەرەکانی ئەو بکوژە ژاپۆنییە، لە دادگا داوایان دەکرد لەجیاتی فەرمانی لەسێدارەدان، فەرمانی زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەربچێت، چونکە "قوربانییەکانی کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 26 ساڵ بوو، سەرجەمیان لە سۆشیاڵ میدیاکاندا قسەیان لەبارەی خۆکوشتنیان کردووە".
 
دادگا داواکارییەکەی پارێزەرەکانی رەتکردەوە. دادوەرەکە بەپێی میدیاکانی ژاپۆن گوتوویەتی، لەو تاوانانەی لە ساڵی 2017 ئەنجامدران "هیچکام لە هەر نۆ قوربانییەکە، رازی نەبووە بەوەی بکوژرێت، تەنانەت بەبێدەنگیش رازی نەبوون بە کوشتن".
 

داوەر هەروەها گوتی "زۆر سەختە ژیانی نۆ کەسی گەنج کۆتایی پێبهێنرێت... شیرایشی ئەوانەی کردە قوربانی کە لەڕووی دەروونییەوە لە کاتێکی هەستیاردا بوون".
 
برای یەکێک لە قوربانییەکان، کە کچێکی تەمەن 25 ساڵ بوو، بە دادگای گوت "لە گوتەکانی شیرایشیدا دەرناکەوێت هیچ پەشیمان بێت... بۆیە وا هەستم دەکرد بە بەردەوامی بە چەقۆیەکی تیژ لێمدەدەن".
 
شیرایشی پێش سێ ساڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەرکەوت ژنێکی تەمەن 23 ساڵی کردووەتە قوربانی.

دوای ونبوونی ژنە 23 ساڵییەکە، براکەی توانیبووی توویتەرەکەی بکاتەوە و تێبینی ئەو پیاوە گوماناوییەی کردبوو، بەجۆرێک دواتر پۆلیس توانی شوێنی نیشتەجیبوونی ئاشکرا بکات و لە بەیانیی جەژنی هاڵۆیینی 2017، دەستگیریان کرد.

 لە ماڵەکەی شیرایشیدا، نۆ جەستەی پارچەپارچەکراو و 240 ئێسک لەنێو ساردکەرەوە و سندووقی کەلوپەلەکان دۆزرانەوە، کە بە پاشماوەی پشیلە تێکەڵی کردبوون بۆ ئەوەی بەڵگەکان بشارێتەوە.
 
ژاپۆن یەکێکە لە وڵاتە دەگمەنە پێشکەوتووەکانی جیهان، کە هێشتا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکات. دوایین جاریش کەسێک لەو وڵاتە لەسێدارەدراوە، ساڵی 2019 بوو، کاتێک پیاوێک بە تاوانی کوشتنی خێزانێکی چوار کەسی لەسێدارەدرا.

ساڵانە 20 هەزار کەس لە ژاپۆن خۆیان دەکوژن، بەمەش ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی خۆکوشتن تۆماردەکات.

لە ساڵی 2003ـەوە ئامارەکانی تایبەت بە خۆکوشتن لە ژاپۆن روویان لە داکشان کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، جاریکی دیکە ژمارەی خۆکوشتن بەرزبووەتەوە.