دانووستاندن وه‌ک پێشمه‌رگه، کاکه حه‌مه به نموونه
چه‌ندینجار شاندی هه‌رێم به‌ره‌و به‌غداد به‌ڕێکه‌وتن و پاش چه‌ند رۆژێک له پرێس کۆنفرانسێکدا، قسه‌که‌رێکی شانده‌که به میدیاکانی کوردستان راده‌گه‌یه‌نێت، که کۆبوونه‌وه‌کانیان سه‌رکه‌وتوو بووه و هه‌رێم ئاماده‌ی جێبه‌جێکردنی هه‌موو داواکانی به‌غداده. ئه‌م کاره جێگای داخیه. ئاخر دانووستاندن هه‌میشه کارێکی پێشمه‌رگه‌ییانه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا. حکومه‌تی هه‌رێم پێویسته له‌وه تێبگات، که کاری دیپلۆماسییه‌ت ده‌شێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی تردا، که دوژمن نین، سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، لێ له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا هه‌رگیز. ئێراق له بوونیه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا دوژمن بووه و به دوژمنییش ده‌مێنێته‌وه. ئێراقێک وه‌ک که‌لاوه‌یه‌کی گه‌وره، جێگای ئه‌م هه‌موو جڕوجانه‌وه‌ره چه‌کداره‌ی تێدا بۆته‌وه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که به ته‌نها ناوی داعش دیاره، لێ چه‌ندینی تر، که‌متریان له داعش نه‌کردووه به‌رانبه‌ر به کورد. نوێترین کێشه، کێشه‌ی ناوچه داگیرکراوه‌کانه، به‌تایبه‌ت په‌لکانه له ئێستادا. ئێراق به هاوکاریی چه‌ند لایه‌نێکی کورد، له‌لایه‌ک هه‌وڵی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌یه‌کی گه‌وره به ناوی خۆپیشاندانه‌وه له کوردستاندا ده‌دات، له‌لایه‌کی تره‌وه له که‌رکووکدا به زه‌بری حه‌شد و سووپا، له هه‌وڵی به عه‌ره‌بکردنی ناوچه‌که‌دایه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که فه‌وجێکی جاشی حه‌شدی کوردییشیان دروستکردووه.
هه‌ر له سه‌ره‌تای ئازادییه‌وه، واتا دوای راپه‌ڕین، ده‌بووایه یاسایه‌ک ده‌ربکرایه به‌رانبه‌ر به جاشێتیی. به یاسایه‌ک جاشێتیی قه‌ده‌غه بکرایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه، که‌س گرنگیی به‌م باسه نه‌داوه، ئێستاش نه‌چووه بچێت، ده‌توانرێت له دانیشتنێکی په‌رله‌ماندا به یاسایه‌ک جاشێتیی قه‌ده‌غه بکرێت.
به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی پێشنیاره‌که‌ی کاکه حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود له ئێستادا، وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه، که بته‌وێت تابلۆیه‌ک به دیوارێکدا هه‌ڵبواسیت، به‌ڵام چه‌کووشێک و بزمارێک له ماڵه‌که‌تدا نه‌بێت. خۆزیا کاکه حه‌مه له حکومه‌تدا پۆستێکی ده‌بوو، یاخوود سه‌رۆکی په‌رله‌مان ده‌بوو، ئه‌وسا به‌و رۆحه پێشمه‌رگه‌ییه‌ی بۆ نیشتیمان تێبکۆشایه، دڵنیام ژیانێکی سیاسیی و ئابووریی ترمان ده‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێزمدا، ده‌شێت خاوه‌نی هه‌ندێک کاربه‌ده‌ست بین له پۆستی باڵادا، که خاوه‌نی بڕوانامه‌ی خوێندنی باڵان، به‌ڵام به‌تاڵن له رۆحی پێشمه‌رگه‌ییانه.
مووچه‌ی ئه‌و لێشاوه‌ی ئه‌وروپا رابگرن، که هه‌ریه‌که‌یان لانیکه‌م دوو مووچه‌یان هه‌یه، له ئێستاشدا له‌م قه‌یرانه داراییه‌دا، مووچه‌ی هیچ کامێکیان دواناکه‌وێت. ئه‌مانه به‌شێکی گه‌وره‌یان له ئه‌وروپا له‌سه‌ر سکی سۆسیال ده‌ژیین و مانگانه‌ش مووچه‌ی کوردستانیان بۆ دێت، مه‌گه‌ر به‌س خۆیان و پارته‌کانیان بزانن مووچه‌ی چییه. خه‌ڵکیی له ئه‌وروپادا، ئینجا ئه‌وروپیی بێت یاخوود کورد، هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ پاشه‌که‌وتکردن، ده‌نا پاره به‌شی ژیانیان ناکات، بۆ نموونه تاک ئاوتۆمۆبیله‌که‌ی هێنده لێده‌خوڕێت، که پێویست بێت، بۆ کار و ماڵه‌وه و که‌لوپه‌ل کڕین. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی مووچه‌ی کوردستانیان بۆ دێت، ده‌شێت رۆژانه سێ سه‌د بۆ چوار سه‌د کیلۆمه‌تر لێ‌بخوڕن، وه‌ک ئه‌وه‌ی کاری ترانسپۆرت بکه‌ن، به‌ده‌ر له‌وه‌ی، که له ساڵێکدا چه‌ندینجار سه‌فه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپا و کوردستان ده‌که‌ن. ئه‌مانه هه‌موو به فیڕۆدانی پاره‌یه، پاره‌ی هه‌رێم. مووچه‌ی کۆمێنتنووسانی سۆسیال میدیا رابگرن، چ له کوردستان و چ له ئه‌وروپا. مووچه‌ی بن دیواران رابگرن ...هتد. هه‌موو ئه‌مانه بده‌ن به‌و گه‌نجانه‌ی، که کاکه حه‌مه پێشنیاری کردوون، وه‌ک یارمه‌تییه‌کی سۆسیال بیده‌ن به‌و گه‌نجانه‌ی، که خوێندن ته‌واو ده‌که‌ن و کاریان ده‌ستناکه‌وێت، هه‌تاوه‌کوو ئه‌و کاته‌ی شوێنێکی کاریان ده‌ستده‌که‌وێت.
کاکه حه‌مه تیشک ده‌خاته سه‌ر ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی، که له‌دوای ناپاکیی شانزده‌ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه ئێخه‌ی کوردی گرتووه. ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی، که هه‌تاوه‌کوو ئێستا وه‌ک پێویست به ته‌نگیانه‌وه نه‌چووین و نوێترین و هه‌ستیارتریینیان کێشه‌ی به عه‌ره‌بکردنی په‌لکانه‌یه، که هه‌تاوه‌کوو ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم لێی نه‌هاتۆته ده‌نگ. دواجار هه‌موو ئه‌م کاره‌ساتانه به ئاژاوه‌گێڕییه نوێکه‌ی ئێستاشه‌وه، که ناونرا خۆپیشاندان به‌ده‌ر له که‌مته‌رخه‌میی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی هه‌رێم له سیی ساڵی رابوورددا، نابینایی رۆشنبیرانی کوردیشه، که له سیی ساڵی رابوورددا نه‌وه‌یه‌کیان پێگه‌یاند، که هه‌تا سه‌ر ئێسقان هه‌ست به که‌میی خۆیان بکه‌ن، نه‌فره‌ت له خۆیان و له کوردبوونی خۆیان بکه‌ن. هه‌تا دڵ حه‌ز بکات حه‌ز به کاولکردنی نیشتیمان و له‌ناوبردنی ده‌ستکه‌وته نیشتیمانییه‌کان بکه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌پێناوی ئه‌وه‌ی، که زیان به پارتی دیموکراتی کوردستان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی بگه‌یه‌نن. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر هه‌موو کوردستان گڕ بگرێت، ئه‌وا گرنگ ئه‌وه‌یه بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی تێیدا ده‌سووتێت. من لێره‌دا به ئه‌رکێکی نه‌ک به ته‌نها نیشتیمانیی، به‌ڵکوو به ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تییشی ده‌زانم، که رۆشنبیران، ده‌روونناسان و کۆمه‌ڵناسانی کورد کار له‌وه‌دا بکه‌ن، که کۆمه‌ڵ تێبگه‌یه‌نن، که خاوه‌نی چ رقێکی گه‌وره‌ن له ناخیاندا، رقێک، که زیانێکی گه‌وره‌ی نیشتیمانیی له کوردستان ده‌دات. کار له‌وه‌دا بکه‌ن، که بۆچیی منداڵێکی هه‌شت نۆ ساڵه، دوانزده سیانزده ساڵه، خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو رقه‌یه به‌رانبه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌ک، به‌رانبه‌ر به پارتێک ...هتد. کار له‌وه‌دا بکه‌ن، که له‌بری ئه‌وه‌ی دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌کتریی بین، خۆشه‌ویستی یه‌کتر بین.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، تکایه ره‌چاوی پێشنیاره‌کانی کاکه حه‌مه بکه‌ن، پرۆژه‌کان رابگرن، قه‌رز مه‌که‌ن بۆ پێدانی مووچه، داهاته‌کان له زووتریین کاتدا کۆبکه‌نه‌وه، به‌بێ دزیین و به‌فیڕۆدان. وه‌ک کاکه حه‌مه ده‌ڵێت، له‌وه زیاتر شه‌رمه‌زارتری ئێراقێکی بێ نرخی فاشییمان مه‌که‌ن، که هه‌موو ده‌مووچاوه‌کانی بێجگه له هی به‌عس هیچ پێناسێکی تریان پێ‌نادرێت.
وه‌رن با نیشتیمانی خۆمان خۆشبوێت و کاکه‌حه‌مه ئاسا به واتای وشه پێشمه‌رگه بین له هه‌موو شت‌دا، له دانووستاندندا، له به‌رگرییکردن له نیشتیمان‌دا، له نووسییندا، له قسه‌کردندا، له زانست‌دا ...هتد.