ھیومان رایتس وۆچ: بەڵێنەكانی كازمی "تەنھا قسەن"

K24 – ھەولێر:
رێكخراوی ھیومان رایتس وۆچ، ئەمڕۆ سێشەممە، بەڵینەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراقی بەوە وەسفكرد كە "تەنھا قسەن" سەبارەت بە پرسەكانی پەیوەست بە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ.
بەڵقیس والی، كە لە رێكخراوەكەدا لێكۆڵەری یەكەمە و تایبەتمەندە بە عێراق لە بەشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا، لە گوتارێكیدا لەسەر پێگەی رێكخراوەكە گوتی: "لەوەتەی دەستبەكاربوومە لە سەر پرسی عێراق لە چوارچێوەی كارمدا لەگەڵ ھیومان رایتس وۆچ لە ساڵی 2016ـهوە، حاڵهتی بەزۆر ونكردن یەكێكە لە پرسە سەرهكییەكانی، كە لە لێكۆڵینەوەكانمدا جەختم كردووەتە سەر، چونكە بەداخەوە زۆر بەربڵاوە".
گوتیشی: "ھەستم بە حەسانەوە كرد كاتێك سەرۆك وەزیران، مستەفا كازمی دوای ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەیدا، لە ئایار، بە ئاشكرا و بەڕوونی بەڵێنیدا، لێكۆڵینەوە لە حاڵەتەكانی بەزۆر ونكردن دەكات و سزای ئەنجامدەرانی دەدات. ئەو پابەندبوونانە میكانیزمێكی نوێی لە خۆگرت بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی قوربانیان، بەڵام بەداخەوە دوای حەوت مانگ، حكومەتەكەی لەو بەڵێنانەی ھیچی بە ھیچ نەكرد و حاڵهتی ونكردنی بەزۆری بەردەوام بوو" بۆ ھاووڵاتیانی عێراقی.
گوتیشی: "ئەگەر پابەندییەكانی سەرۆك وەزیران، مستەفا كازمی راستەقینە بن و بەڕاستی میكانیزمی نوێ گیراونەتەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ونكردنی بەزۆری، دەبێت ئەو دەستەیە بە خێرایی پەیوەندی بە خێزانی فەخری (یەكێك لەوانەی بە زۆر ونكراون) بكات و ھاریكاریی بكات بۆ دەستنیشانكردنی جێگاكەی".
كۆتایی بە قسەكانی ھێنا و گوتی: ھەروەھا پێویستە لەسەر حكومەت قەدەغەی جیاكاری بكات لەسەر بنەمای رەگەزی و ناسنامە. خۆدزینەوە لەم دوو پابەندییە، ئاماژەی ئەوە بە عێراقییەكان دەدات، كەوا پابەندییەكانی ئەم حكومەتە ھیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوانەی پێشوو لە بواری مافی مرۆڤدا و تەنھا قسەنە.