گێچه‌ڵكارییه‌كانی په‌كه‌كه‌ دژی هه‌رێمی كوردستان بەردەوامە

چاودێران: پەكەكە دەیەوێت ئارامی كوردستان تێكبدات
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

پەلامار و كردەوە چەكدارییەكانی پەكەكە دژی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدی نیگەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە. بە گوتەی چاودێران پەكەكە بە ئاشكرا دەیەوێت كێشە بۆ ھەرێمی كوردستان درووستبكات و خۆی خزاندنە ناو خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایەی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە دەرخەری ئەو راستیەن، كە پەكەكە دەیەوێت ئارامی كوردستان تێكبدات.

په‌لامار و جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتووەتەوە و بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی كۆنسوڵخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان. ھەر یەك لە كۆنسوڵی گشتی  ئەمریكا و به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر، سه‌ره‌خۆشیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی  پێشمەرگە شەھیدەكە كرد. پێشتریش كۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر په‌كه‌كه‌ی به‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی وه‌سفكرد و رایگه‌یاند، پێویسته‌ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنن.

عینایەت نامیق، کارگێڕی لقی پارتی لە سلێمانی گوتی: كردەوە و پەلامارە تێكدەرەكانی پەكەكە ھەموو سنوورێكی بەزاندووە و پەكەكە دەیەوێت ئارامی كوردستان تێكبدات.

پەلامار و ھەڕەشەكانی پەكەكە بۆ سەر پێشمەرگە و كێشە درووستكردن بۆ قەوارەی دەستووری ھەرێمی كوردستان و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە نیگەرانی حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی لێكەوتەوە.

حەسەن جەباری، چاودێری سیاسی گوتی: شوێنی خەباتی پەكەكە ھەرێمی كوردستان نییە و دەبێت ئەم رێكخراوە مەیدانی خەباتی خۆی بگوازێتەوە و ھیچی دیكە زیان بە خەڵكی كوردستان نەگەیەنێت.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان دواین پەلامار و كردەوەی چەكداری پەكەكەی لە سنووری ئامێدی دژی پێشمەرگە بە توندی سەركۆنەكرد و ھێرشی پەكەكە و و خۆخزاندنە ناو خۆپیشاندانەكانی ھەفتەی رابردوو لە سنووری سلێمانی بە كارێكی تێكدەرانە و دەستوەردان لە كاروباری كوردستانی ناوبرد و پەكەكە بەردەوام بووەتە ھەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان.