35 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌كانی رێگاوبان له‌ سلێمانی ته‌رخان كرا

قەیرانی دارایی کابینەی نۆیەم لە خزمەتکردنی ھاووڵاتیان ناوەستێنێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

بڕی 35 ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان لە سلێمانی تەرخان كرا، حەوت پڕۆژەی ستراتیژی لە سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان لە خۆ دەگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە گرنگی تەواو بە خزمەتگوزاری رێگاوبانەکان دەدات.

ڕێککەوتی 8/12 سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و تێیدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی 35 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان. پڕۆژەکان سەرجەمیان لە بواری رێگاوبان دان و ھەنگاوێکی دیكەی گرنگ دەبێت بۆ برەودان بە کەرتی رێگاوبانەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

محمد جەلیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی گوتی: ئەم پڕۆژانە ھەندێکیان لە کاردان و بەشێکی زۆریان وەستاون لە دوو ھەفتەی داھاتووشدا بەو گوژمەیە سەرجەمیان دەکەونەوە کار.

قەیرانێکی سەختی دارایی لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم رووبەڕووی حكوومەت بوویەوە و ئێستاش بەردەوامە، بەڵام حكوومەت بودجەی پێویستی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابینكرد.

زیاد ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: بەردەوامبوونی حکومەت لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سەرەڕای قەیرانی دارایی دەرخەری ئەو راستیەیە، کە قەیرانی دارایی کابینەی نۆیەم لە خزمەتکردنی ھاووڵاتیان ناوەستێنێت.

تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە  بۆ حەوت پرۆژەی ستراتیژییە، کە پێکھاتوون لە درووستکردنی رێگای دوو ساید و پرد و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکان و درووستکردنی چەندین یەکتربڕ، سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێدەکرێن و بە تەواوبوونیان ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ بەرگرتن لە زیادبوونی رووداوەکانی ھاتوچۆ.