گەشتەکانی چەند وڵاتێک بۆ ھەولێر دەست پێدەكاتەوە

لەم مانگەدا چەند كۆمپانیایەكی دیكەی فڕۆكەوانی گەشت بۆ ھەولێر ئەنجام دەدەن
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر

K24 - ھەولێر

گەشتەکانی چەند وڵاتێک بۆ ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووەتەوە، کە لە ماوەی رابردوودا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگیرابوو، لەناویشیاندا ئەڵمانیا. بەڕێوبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئاشكرای كرد، لە ھەفتەیەکدا  سێ گەشت بۆ ئەڵمانیا ھەیە و لە 19ی ئەم مانگەشەوە کۆمپانیایەکی تر دەست بە گەشتەکانیان دەکەنەوە.

ئەحمەد ھۆشیار، بەڕێوبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ماوەیەك وەستاندنی گەشتەكان یەكەم گەشت لە ھەولێرەوە بۆ دۆسلدۆرف ئەنجامدرا، بەگوێرەی خشتەی ئەم مانگە تا سەری ساڵی داھاتوو، ھەفتانە سێ گەشت لە ھەولێرەوە بۆ ئەڵمانیا ھەیە".

گەشتەکانی فڕۆکەخانە و پێشوازیکردن لە گەشیاران رێنمايی و رێکاری تەندروستی بۆ دیاریکراوە، جگە لەوەی ھەموو گەشتیارێک پشکنینی بۆ دەکرێت لە فڕۆکەخانە ئەگەر پشکنینی كۆرۆناى پێ نەبوو، بەڕێوبەری تەندروستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێریش ئاماژە بەوەدەكات، ئێستا بەشێک لە رێکارەکان ئاسان کراون و کەرەنتینە نەماوە، بەڵام لەبارەی پشکنینی گەشتیارانەوە بڕیارێکی نوێ دراوە.

د.ھەست کەریم، بەڕێوبەری تەندروستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا راستەوخۆ گەشتیار مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەوانی دەكات، كاتێك پلیت دەبڕێ دەتوانێ لێی بپرسێ كە پشكنینی كۆرۆنای دەوێت یان نا، بۆ نموونە وڵاتێكی وەك توركیا داوای پشكنین ناكات".