" قەیرانی ئابووری عێراق یەکەم سەرئێشەی جۆ بایدن دەبێت"

فۆرن پۆڵەسی: لە هاوینی 2021 یەدەگی دراوی عێراق بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمدەکات
كێڵگەیەكی نەوتی عێراق - ئەرشیف
كێڵگەیەكی نەوتی عێراق - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

پێشبینی دەكرێت بەهۆی قەیرانی ئابووری لە عێراق خۆپیشاندانی فراوان دەستپێبكات و ئەگەری هەیە داڕمانی سیستەمی سیاسی لێبکەوێتەوە.

گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی راپۆرتێکی بە ناوی (داڕمانی ئابووری عێراق یەکەم سەرئێشەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت) بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، ئه‌م دۆخە ئاڵنگارییەکی سەخت دەبێت بۆ جۆ بایدن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ھاتووە، هەر داڕمانێکی ئابووری ئەگەری زۆری هەیە، ببێتە هه‌ڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشداوە، سیستمی سیاسی و ئابووری عێراق گەندەڵ و شکستخواردووە، بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو کابینە یەک له‌ دوای یەکەکان لاواز و لەسەرخۆ بوونە، رێگەیان بە حزبە سیاسییەکانداوە وەزارەتەکان بەڕێوە ببەن، ئەوەش وایکردووە تۆڕێکی فراوانی پشک پشکێنە و گەندەڵی دروست بێت، کە داهاتەکان بە گشتی و داهاتی نەوتی بە شێوەی هەلیکار و گرێبەست و پێدانی تایبەتمەندی هەڵوشن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بڵاوبوونەوەی پێدانی دەستکەوتی نایاسییە، کە زیانی گەورەی بە ئابووری عێراق گەیاندووە، کەرتی تایبەتی لاوازکردووە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ژمارەی ئەو کارمەندانەی لە کەرتی گشتی عێراق کاردەکەن، لە دوای ساڵی 2004ـەوە ژمارەیان سێ هێندە بووە، بەوەش خەرجی مووچە لە لایەن حکومەتەوە بەراورد بە 15 ساڵی رابردوو 400%زیادیکردووە، بەوەش عێراق مانگانە پێویستی بە 5 ملیار دۆلار بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی، لەگەڵ دوو ملیار دۆلاری دیکە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و خەرجییەکانی بەکاربردن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داڕمانی نرخی نەوت کە 90%ـی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، داهاتی مانگانە لەنێوان 2.5 بۆ 3.5 ملیار دۆلار بووە، ئەوەش بەو واتایە دێت حکومەتی عێراق مانگانە 3.5 بۆ 4.5 ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبووە.

گۆڤارە ئەمەریکییە ئاشکرای دەکات، لە هاوینی 2021 یەدەگی دراوی عێراق بە شێوەیەکی مەترسیدار كه‌مبێته‌وه‌، کە بەهۆیەوە حکومەت کاشی پێویستی لەبەردەست نامێنێت و لە خەرجکردنی زۆرینەی پابەندییەکانی پەکی دەکەوێت.

ئەو گۆڤارەكه‌ پشتی بە لێدوانی بەرپرسانی عێراق بەستووە و ئاشكرایكردووه‌، بەهۆی ئەوەی یەدەگی دراوی قورسی عێراق کەمیکردووە، بۆیە حکومەت بۆ دابینکردنی قەرز و مووچە ناچارە دراو چاپ بکات، ئەوەش مەترسی هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە، بۆیە ناچارە لە ئایندەیەکی نزیکدا حکومەتی فیدڕاڵ پەنا بۆ دابەزاندنی بەهای دینار ببات، به‌مه‌ش كاره‌ساتی گەورەی ئابووری و سیاسی عێراق رووده‌دات.