10 پرسیار له‌ پەکەکە

Kurd24

1. یەکەم پرسیار کە بە مێشکی هەر کەسێک دادێ کە چاودێری دۆخی سیاسی پارچەکانی کوردستان بکا و ئاگاداری رووداوەکان بێت، ئەو پرسیارەیە: ئایا پەکەکە بۆ لە باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و تەنها لە باکوور بوونی نییە! لە کاتێکدا دەبووایە هەموو هێز و قورسایی پەکەکە لە باکوری کوردستان بێ.

2. لە ساڵی 2015 هەدەپە باڵی سیاسی پەکەکە لە باکووری کوردستان لە رێگای ژمارەیەک سەرکردەی لاو توانیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا 81 کورسی ببنەوە، بەڵام سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل رێگەیان نەدان دەست بەو ژمارەیەوە بگرن یان بەشداری حکومەت بکەن، بەڵکو شەڕیان لە ئەنقەرە و لە ناو هۆڵی پەرلەمان گواستەوە ناو شار و ئاوەدانییەکانی باکووری کوردستان کە بە شەڕی خەندەقان بەناوبانگە و بەو هۆیەوە زیاتر لە بیست شار و شارۆچکە خاپوورکران و بەگوێرەی ژمارە نا فەرمییەکانی هەندێک لە رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە نێوان 6 بۆ 7 هەزار کەس کوژران و زیاتر لە 200 هەزار کەس لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون.

3. ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە سەر بە تورکیا بوون و لەلایەن ئەمه‌ریکا و ئەوروپاشەوە پشتگیری دەکران کە ئەو کات بە سوپای ئازاد دەناسران گەیشتبوونە لێوارەکانی دیمەشقی پایتەختی سووریا و خەڵک چاوەڕوانی دەکرد یان بەشار ئەسەد بۆ وڵاتێک رابکا و دیمەشق رادەست بکا یان ئەوەتە شارەکە بە شەڕ بکەوێ، ئێران لە رێگای پەکەکە شەڕەکەی گواستەوە باکووری کوردستان و سوپای تورکیای ناچارکرد کە بە کێشەیەکی گه‌ورەتر لە بەشار و دیمەشق خەریک بن، پەکەکە هاوکار بوو بۆ رزگارکردنی بەشار ئەسەد و سەرخستنی ئەجێندای ئێران، بەڵام کورد دەسکەوتیان چ بوو؟

4. دوای سەرکەوتنی باڵی سڤیلی ناو هەدەپە بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەڤاڵانی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل ترسیان لێنیشت بەوەی کە پێشکەوتنی ئەو سەرکردە لاوانە واتا کۆتایی ئەوانە بۆیە رێگەیان نەدا بەشدار بن لە پێکهێنانی حکومەتی تورکیا کە ئەو کات ئەردۆغان و حزبەکەی دەستیان ماچ دەکردن تەنها بۆ ئەوەی ناچار نەبن هەڤاڵبەندی لەگەڵ باخچەلی و تورکە توندئاژۆکان دروست بکەن، بەڵام قەندیل ئەردۆغانی بە ناچاری فڕێدایە باوەشی دەوڵەت باخچەلی رەگەزپەرست، قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی ئەردۆغان دەستیپێکرد کە لە موجاهید و قوتابییەکی بەدیعولزەمان سەعیدی نەوڕەسی یان سەعدی کوردی ببێتە سەربازێکی بە ئەمەرکی ئەتاتورک و هەڤاڵبەندێکی ستراتیژی باخچەلی.

هەروەها دەمیرتاش و هەڤاڵانیان خستنە زیندان و دەستی ئەردۆغان و سوپاکەشیان ئاوەڵا کرد تا باکووری کوردستانیان کردەوە سەربازگەیەکی گەورە، کورد لە باکوور جگە لە لەدەستدانی هەموو دەسکەوتە سیاسییەکان چیان دەسکەوت؟

5. پەکەکە لە ناو خۆی باکووری کوردستان و تورکیا تەواو ئیرادەی خۆیان رادەستی چەپی تورک کردووە و خۆ یەکلاییکردنەوەیان لە بەرەی جەهەپە کە بە درێژایی مێژووی کۆماری تورکیا چەپەکان گەورەترین زیانیان لە بزاڤی نەتەوەیی و رزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە لە باکووری کوردستان بە دوور خستنەوەیان لە ئامانجی سەرەکیان و تێکەڵکردنیان بە بزاڤێک کە تێیدا لە پێناو هەندێک دروشمی بێ گیان و ناوەڕۆک خۆیان بزرکردووە، ئاراستەی چەپایەتی لە رێگای جەمیل بایک و دۆران کالکان تەواو کۆنتڕۆڵی بڕیارەکانی قەندیلیان کردووە، کورد لە سەرکەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبول ئەوان چیان دەسکەوت؟

6. باشە بۆ دەبێ ئامادەیی چڕی سەربازی پەکەکە لە شنگال و خورماتوو و مەخموور و پێنجوێن بێت و کەمترین ئامادەیی سەربازی لە باکووری کوردستان بێ کە ژمارەی گەریلاکانی لە باکوور ناگاتە 300 گەریلا!

7. پەکەکە بۆ دەتوانێ لە سلێمانی و گەرمیان دەست بخاتە ناو خۆنیشاندانەکان و هانیان بدا تا هێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت و بارەگای حزبەکان، بەڵام لە دیاربەکر و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان ناتوانێ سەت کەس بباتە سەر شەقام و لە دژی دەوڵەتی تورکیا خۆنیشاندان بکەن؟

8. پەکەکە کە هۆکاری لە دەستدانی عەفرین  و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بوون، لە جیاتی پەند وەرگرتن لەو شکستانە و گوێگرتن لە هاوپەیمانان کە خۆیان لە قەندیل و بڕیارەکانی داببڕن، تەواو پێچەوانەی ئەوانە یەپەگە بە چەک و هاوکاری ئەمه‌ریکا و ئەوروپا رووی چەکەکانیان لە پێشمەرگە کردووە و بەشێکن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی قەندیل کە سەرچاوەی ئەو بڕیارانە بەشێکن لەو ستراتیژیەتە ئیقلیمییەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانی گەمارۆ داوە و هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی دەدات، باشە پەکەکە و یەپەگە چ سوودێك لە لاوازبوونی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەگەر بەشێک نین لە ئەجێندای دوژمنان!

9. بۆ فشار دروستکردن لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی رێکكەوتنی شنگال بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رێگه‌ی هێزەکانی یەپەگە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەو کارە مەترسی دەخاتە سەر تاکە دەروازە کە خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستانی لێدابین دەکرێ، باشە یەپەگە و ئیدارەی خۆسەر چ سوودێک لەوە دەکەن ئەگەر پێشمەرگە بکوژن و خاکی هەرێمی کوردستان داگیر بکەن؟

10. هەرێمی کوردستان لە باکووری کوردستان هاوکار بوو و بۆ یەکەمینجار حکومەتی تورکیای ناچار کرد راستەوخۆ لەگەڵ پەکەکە دابنیشێ و پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بکا، لە رۆژئاوای کوردستانیش تا ئێستا جاری چوارەمە کە هەموو لایەنە کوردییەکان واتا ئەنەکەسە و پەیەدە کۆبکاتەوە و هانیان بدا لەگەڵ یەک رێکبکەون تا لە جیاتی زیاتر لە دەستدانی خاک و ماف، بتوانن دەسکەوت و ئەزموونەکەیان بپارێزن، کە ئەوە مەرجی سەرەکی هاوپەیمانانە بۆ بەردەوامی هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی زاتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، كه‌چی پەکەکە بە هەموو ناوەکانی دیکەی کە هەیەتی لە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام لە زیان زیاتر چی پێبڕاوە؟