هۆشداری توند به‌ په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ ده‌درێت

هاوپه‌یمانان له‌ هێرشه‌كه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری یەپەگە لە سنووری سووریاوە بە چەکی قورسەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە داگیر بکەن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەتەوە.

چەکدارانی یەپەگە هەوڵیانداوە بە رێگەی قاچاخ بپەڕنەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی داگیرکردنی خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە. دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە بە چەکی قورس و بە بەشداری زیاتر لە 50 چەکدار هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و دواتر هێرشەکەیان تێکشکێنرا.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریەکی توندی دایە پەکەکە و یەپەگە و  گوتی: قبوڵ ناکەین جارێکی دیکە ئەم رووداوانە دووبارە بکەنەوە. گوتیشی: بە فەرمی هاوپەیمانانی شەڕی دژ بە داعش لەم رووداوە ئاگادار دەکەینەوە.

هێرشەکانی پەکەکە لە باکووری کوردستان و لە سنووری رۆژئاواش بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێشهاتی مەترسیدارن؛ چونکە دەردەکەوێت پەکەکە، یەپەگە دژ بە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، ئەمەش بووەتە جێگای نیگەرانی هەموولایەک.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە گوتی: لەو رووداوە نیگەرانین و دژی ئەو هێرشانەین و داوا ده‌كه‌ین ئه‌و جۆره‌ رووداوانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. دەبێت رەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بکرێت.

هێرشەکانی یەپەگە لە دوای چەند هێرشێکی دیکەی چەکدارانی پەکەکە دێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان. وەزارەتی پێشمەرگەش دووپاتیدەکاتەوە، کە شەڕی ناوێت و ئەمە ستەمێکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. وەزارەتی پێشمەرگە نايەوێت شەڕی نوێ درووست بێت و ببێتە قەیرانێکی دیکە لەسەر هەرێمى كوردستان، بەڵام دیارە پەکەکە، کە سەرکردایەتی یەپەگە دەکات لە رۆژئاوای کوردستان و چەکداریان لە ناو هەرێمی کوردستانیشدا هەیە، ماوەیەکی درێژە بوونەتە بەشێک لەو لایەنانەی دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدەن.